روونكردنەوەیەك لە دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمەوە

"ھەندێك ماڵپەڕ و دەزگای راگەیاندن ھەواڵی بێ بنەما و ناڕاست بڵاودەكەنەوە"

K24 - ھەولێر

دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەك ھەواڵێكی ناڕاستی چەند دەزگایەكی راگەیاندن سەبارەت بە رێگری كردن لە فەرمانبەرانی لایەنێكی سیاسی لە دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێم رەتدەكاتەوە.

لە روونكردنەوەكەی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێم ھاتووە: "ئەمڕۆ چوارشەممە 3/10/2018، ھەواڵێكی بێ بنەما و ناڕاست لە ژمارەیەك مەڵپەڕ و دەزگاكانی راگەیاندن بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە رێگەگرتن لە دەوام كردنی فەرمانبەرانی سەر بە لایەنێكی سیاسی دیاریكراو لە دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێم".

دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێم رایدەگەیەنێت: "سەبارەت بە ناوەرۆكی ئەم ھەواڵە نادروستە رایدەگەیەنین كە دەوامی دیوان بەشێوەیەكی ئاسایی و وەكو ھەموو رۆژەكانی تر بەڕێوەچووە، و ھیچ گرفتێك یان رێگەگرتنێك لە فەرمانبەران و ستاف رووینەداوە، و سەرلەبەری ئەم ھەوالە رەتدەكەینەوە".

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكات: "بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ ھەواڵەكاندا بكەن و پڕوپاگەندەی سیاسی و نادروست بڵاونەكەنەوە، كە خزمەت بە ھیچ لایەك ناكات".

دەقی روونكردنەوەی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان
دەقی روونكردنەوەی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان