پەكەكە چوار سەربازی توركیای كوشت

پێنجی دیكە برینداربوون

K24 - ھەولێر

توركیا ئاشكرای دەكات گەریلاكانی پەكەكە لە سنووری پارێزگای باتمان چوار سەربازیان كوشتووە و پێنجی دیكەش برینداربوونە.

سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای باتمان لە راگەیەنراوێکدا ئاشكرای كرد "بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێك كە لەلایەن گەریلاكانی پەكەكە دانرابوو، چوار سەرباز كوژراون و پێنجی دیكەش برینداربوونە".

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە "لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە گونده‌واری شارۆچکەی گەرجوش لە کاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبیلێکی سەربازییدا بۆمبێك کە پێشتر لە لایەن گەریلاكانی پەكەكە چێندرابوو، تەقێنرایەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە كە لەسەرەتایی وەرزی بەھاری رابردووەوە، سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیی و زەمینییەكانی بۆسەر ھێزەكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی باكوور و باشووری كوردستان چڕكردووەتەوە، بەوھۆیەشەوە بەشێك لە گوندنشینانی ناوچە سنوورییەكان ئاوارەبوونە.

ھ.م