ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك کارا دەکرێتەوە

یەکەم کاریان دانانی پارێزگارێکە بۆ شارەکە

K24 - كەركووك

لەلایەن رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە وەکالەت بۆ ئەندامێکی تورکمانی لیستی برایەتی کرا بۆ بەڕێوبرنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك.

عیرفان کەرکووکی، ئەندامی تورکمانی لیستی برایەتیی کەرکووك، بە کوردستان24ی گوت: "ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنەوە راسپێردراوم بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن".

گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ لەگەڵ هەندێك لایەن کەوتوینەتە گفتوگۆ لە ئایندەیەکی نزیکدا هەوڵدەدەین رێژەی یاسایی تەواو بکەین و کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك دەست پێیبکەینەوە".

عیرفان کەرکووکی، راشیگەیاند: "ئەگەر لایەنە کوردییەکان بگەنە رێکكەوتن، هەوڵدەدەین لە یەکەم دانیشتن پارێزگارێك بۆ شارەکە دەستنیشان بکەین، هەروەها کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنیش تەرخان دەکەین بۆ ئەو بڕیارانە کە دراون بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك".

ھ.م