نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك كۆبوونه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانى و هادى عامرى پشتگیری عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كه‌ن

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و هادى عامرى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیى فه‌تح گفتوگۆ له‌باره‌ی پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و قۆناغى داهاتووى پرۆسه‌كه كرا و، جه‌ختیان له‌ پرۆسه‌یه‌كى سیاسیى ته‌ندروست بۆ ئێستا و قۆناغى داهاتووى‌ عێراق كرده‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و هیواكانى پێكهاته‌كانى عێراق بێت، هه‌موو پێكهاته‌كان خۆیان له‌ به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا ببینه‌وه‌ و له‌پێناو سه‌قامگیرى و سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى سیاسی، پارێزگارى له‌ بنه‌ماكانى سازان و هاوسه‌نگى و هاوبه‌شى بكرێت.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا عامرى جه‌ختى له‌ گرنگیى هاوبه‌شییه‌كى كاراى هه‌رێمى كوردستان له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عیراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌پێى ده‌ستوور‌ كرده‌وه، هاوبه‌شیى هه‌رێمى كوردستانى له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عێراقدا به‌ بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كیى سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌كه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ته‌واوى عێراقدا وه‌سفكرد، به‌رده‌وامیى گفتوگۆ و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عێراقى به‌ پێویست زانى.

هه‌ردوولا پرسى دامه‌زراندنى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى فیدرالى عێراقییان خسته‌ به‌ر باس، هاوكارى و پشتگیرییان بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدى دووپات كرده‌وه‌، كه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى عێراق ڕاسپێردراوه‌ و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست.

H.B