بریندارێکی تەقەی خۆشی لە سلێمانی گیانی لەدەستدا
بەرگەی سەختی برینەکەی نەگرت
K24- ههولێر:
رابەر کەمالی 23 ساڵ، یەکێک لە بریندارەکانی تەقەی خۆشی لە شاری سلێمانی، بەهۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.
قوربانییەکە دەکاتە خاڵۆزای هەڵکەوت ئەنوەر، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. ئەو کاندیدەی پارتی لە بارەی رووداوەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "رابەر لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لەبەردەم ماڵیان بووە و لە شەوی بوونی دکتۆر بەرهەم بە سەرۆک کۆمار گولـلەیەک بەر سەری کەوتووە. دوای مانەوەی سێ رۆژ لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ کاتژمێر 12.30 کۆچی دوایکرد".
دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن د. بەرهەم ساڵحەوە، بەشێک لە لایەنگرانی یەکێتی، بە تەقە خۆشییەکانیان دەربڕی، بەڵام ئەمجۆرە خۆشی دەربڕینە بووە هۆی پرسە و ماتەمینی بۆ چەند هاووڵاتییەکی دیکە.
لە شەوی 2ی تشرینی یەکەم، بەهۆی تەقەی خۆشی لە شاری سلێمانی، دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون.
دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان پێشتر داوایان لە هاووڵاتیان کردبوو، دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی لە کاتی دەربڕینی خۆشی و شادییەکان چونکە کارەسات و پشێوی بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
H.J