ھۆشداری لەبارەی رەوشی ئۆجەلان دەدرێت

"دۆخی ئۆجەلان لە رووی تەندروستی و ئاسایشەوە جێگای نیگەرانییە"

K24 - ھەولێر

كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ھۆشداری لە دۆخی ئێستای ئۆجەلان دەدات و رایدەگەیەنێت، ئێستا دۆخی ئۆجەلان لە ھەموو كات مەترسیدارترە.

لە راگەیەندراوێكدا كەجەكە باس لە دۆخی ئێستای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، دەكات و دەڵێ: "ئێستا دۆخی ئیمرالی لە هەموو كات مەترسیدارترە و دۆخی رێبەرایەتیش لە رووی تەندروستی و ئاسایشەوە جێگای نیگەرانییە، پێویستە گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەستنە سەر پێ و ناڕەزاییەکان بگەیەننە بەرزترین ئاست".

وەك ئاماژەی پێكراوە ئەو راگەیەندراوەی كەجەكە "لە 20مین ساڵیادی گەلەكۆمە و رفاندنی ئۆجەلانە كە دواتر رفێندرا و رادەستی توركیا كرایەوە".

 كەجەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا گۆڕانکاریی زۆر بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هاتووە، لەنێوان ئەو گۆڕانکارییانەدا گەلی کورد توانیویەتی دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنێت".

ئەمە لەكاتێكدایە لە مانگی رابردوودا، داواكاری گشتی توركیا بۆ 93‌مین جار داواكاری بنەماڵەی ئۆجەلانی بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ره‌تكرده‌وه‌.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیرکرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕالی بەندكرا. پێشتر بنەماڵەی ئۆجەلان و پەكەكە چەندین جار ھۆشداریان لەبارەی دۆخی ئۆجەلان داوە.