پۆلیس 4 تۆمەتباری دەستگیركرد

لە فەیسبووك كڕین و فرۆشتنیان بە چەك كردووە

K24 - هه‌ولێر:

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە كڕین و فرۆشتنیان بە چەكەوە كردووە.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی پۆلیسی سلێامین، زانیارییان لەسەر چەند تۆمەتبارێك كۆكردووه‌ته‌وه‌، كە لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە كڕین و فرۆشتنیان بە چەكەوە كردووە و دواتریش ده‌ستگیریان كردوون.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، ئەمڕۆ 7-10-2018 هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرای سەر بە بەشی پۆلیسی ناوشار ڕۆژهەڵات، بە هاوكاری هێزەكانی ئاسایشی ناوبازاڕ، توانییان چوار تۆمەتبار دەستگیر بكەن و دەستیشبگرن بەسەر چوار دەمانچە و چەند فیشەك و پارچە دەمانچەیەكدا.

تۆمەتباران كوردن و دانیشتوی شاری سلێمانین و چەكەكانیان بە كەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ فرۆشتووە.

لە ئێستاشدا تۆمەتباران بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 21 ی چەك ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەی ورد لە لایەن هێزەكانی پۆلیس دەستیپێكردووە.