زانیاری لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردن ئاشكرا دەبێت

لیژنەی لێكۆڵینەوە بەدواداچوون بۆ سكاڵاكان دەكات

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەڵسەنگاندنی سكاڵاكان تەواو دەكات و بەمەش راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان نزیك دەبێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەكۆمیسیۆن دەست كوردستان24 كەوتوون، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی كۆمسیاران پۆلێنكردن و ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوون لە سكاڵاكان تەواو بكات و دواتریش لیژنەی لێكۆڵینەوە بەدواداچوون بۆ سكاڵاكان دەكات. جگە لەوەش ئەو كەس و لایەنانە سزا دەدرێن كە رۆژی ھەڵبژاردن پشێوییان دروستكردووە.

رۆژی 30 ئەیلوول ھەڵبژاردنی گشتی و 28 ھەمان مانگ دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو و بە پێی زانیارییەكان، زیاتر لە 1000 سكاڵا تۆمار كراون و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتاییش لەبەر لێكۆڵینەوە لەو سكاڵایانە دواكەوتووە.