شاندێكی هاوپەیمانێتی بوونیادنانەوە و چاکسازی گەیشتە ھەولێر
لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبنەوە
K24 - ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا شاندێكی هاوپەیمانێتی بوونیادنانەوە و چاکسازی بە سەرۆکایەتی عەمار حەكیم، گەیشتە شاری ھەولێر.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "شاندێکی هاوپەیمانێتی بوونیادنانەوە و چاکسازی بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی گەیشتنە هەولێر و لەلایەن شاندێكی پارتی بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازییان لێکرا".
پەیامنێرمان گوتیشی: "هەریەك لە خالید عوبەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی بەیارقولخەیر، ساڵح موتڵەگ، سەرۆکی کۆنگرەی عەرەبی و حەیدەر موللا، سەرکردە لە هاوپەیمانێتی وەتەنییە ئەندامی شاندەكەن".
راشیگەیاند: "شاندەکە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و لایەنە سیاسییەکان کۆدەبنەوە".
عەبدوڵڵا زەیدی، سەرکردە لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی هاوپەیمانێتی بوونیادنانەوە چاکسازی بۆ هەولێر، کۆبوونەوەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و دواتریش سەردانی سلێمانی دەکەین.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق گوتی: "دڵنیاین عادل عەبدولمەهدی، لە بەڕێوەبردنی کابینەی نوێی حکوومەت سەرکەوتوو دەبێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "کورد داوای جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەکات".
عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "شاندەکەی هاوپەیمانێتی چاکسازی و بوونیادنانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق".
ئەوەشی خستەڕوو: "داواکارییەکانی کورد لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق لەگەڵ شاندەکە تاوتوێدەکرێت".