هاوپه‌یمانی بونیادنانه‌وه‌و چاكسازیی روو دەكاتە ھەولێر

شاندێكی باڵای هاوپه‌یمانی بونیادنانه‌وه‌و چاكسازیی لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هاوپه‌یمانی بونیادنانه‌وه‌و چاكسازی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە سەردانی شاری هەولێر بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە شاندەکەی رەوتی حیکمە لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی، کۆبووببنەوە و رەوشی سیاسی ئێستای عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقی و ئامادەکاری بۆ قۆناخێکی نوێ لە پرۆسەی سیاسی لە وڵاتەکە تاوتوێ بکەن.

بڕیارە شاندەکە سەردانی شاری سلێمانیش بکات و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆببنەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێش شاندێكی هاوپەیمانێتیی فەتح بە سەرۆكایەتیی ئەبوجیهاد سەردانی ھەولێریان كرد و لە سەلاحەدین لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی كۆبوونەوە و جەختیان لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا كردەوە.

لە دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چەندین شاندی لایەنە سیاسییەكان بۆ تاوتوێكردنی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و بەشداری كورد لە پرۆسەی سیاسی سەردانی ھەولێریان كردووەو لەگەڵ سەرۆك بارزانی و لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەتەوە.