ئێران.. دەنگی تەقینەوەیەک لە دوورگەی قشم بیسترا
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوەیەک لە دوورگەی قشم لە ئێران بیسترا و تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ناوچەکە هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی سروشت یان هۆکاری ئەو تەقینەوەیە بڵاونەکردووەتەوە.
یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران "ئیرنا" بە پشتبەستن بە سەرچاوە خۆجێییەکان رایگەیاند، دەنگی تەقینەوەکە لە نزیک دەریای ناوچەکە بیستراوە. ئاژانسەکە روونیکردەوە، تا ئێستا هیچ راپۆرتێک سەبارەت بە بوونی بریندار یان زیانی ماددی لە ناو دوورگەکەدا نەگەیشتووەتە دەست ئەوان.
بیستنی دەنگی تەقینەوە لە قشم لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دووبارە بووەتەوە. ئاژانسی "مهر" شەممە بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە نزیک گەرووی هورمز بیستراوە و جەختیکردەوە هیچ رووداوێکی ئەمنی لە ناو دوورگەکەدا رووینەداوە.
ئەم رووداوە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا "یو کەی ئێم تی ئۆ" رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمز بە مووشەکێکی نەناسراو پێکراوە. بەهۆی ئەو رووداوەوە زیان بە ژووری بزوێنەری کەشتییەکە گەیشتووە، بەڵام هیچ برینداربوونێک لەنێو ئەندامانی تیمی کەشتییەکە یان کاریگەریی ژینگەیی تۆمارنەکراوە.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە. لە سێبەری گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، سوپای ئێران رایگەیاندووە بەنیازە مەودای مووشەکەکانی زیاد بکات، هاوکات ئیدارەی ئەمریکا هۆشداری و هەڕەشەکانی سەبارەت بە دۆسیەی ئێران نوێکردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتیکردەوە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە کۆتایی بەو ململانێیە بهێنێت لە شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بەڵام تاران جەختیکردەوە ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک.
ئێران رایگەیاندووە سەرقاڵی تاوتوێکردنی سەرنجەکانی ئەمریکایە لەسەر پێشنیازە نوێیەکەی کە بە "پلانی حەوت رۆژە" ناسراوە. ئەمەش نوێترین ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن، هەرچەندە ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی نێوان هەردوولا هێشتا بەردەوامن.