سەرۆك بارزانی: بێشكچی بۆ هەموومان جێگەی شانازییە
بێشكچی: سەرۆك بارزانی خاوەندارێتیی دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەكات
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە ئیسماعیل بێشكچی، دۆستی گەلی كورد و رووناكبیر و مێژوونووسی تورك كرد و سەرۆك بارزانی رایگەیاند: "بێشكچی بۆ هەموومان جێگەی شانازییە و سیمبۆڵە و بۆچوون و تێڕوانینەكانی لەبارەی گەلی كوردستان جێگەی بایەخدانێكی زۆرە".
ھەر لەو دیدارەدا بێشكچی ئاماژەی بە سەركەوتنەكانی لیستی پارتی لە ھەڵبژاردنەكاندا و جەختی لەوەكردەوە، كە ئەو سەركەوتنانەی لیستی پارتی ئاماژەیە بەوەی كە سەرۆك بارزانی خاوەندارێتیی دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەكات.
بە گوێرەی سایتی فەرمی سەرۆك بارزانی، ئەمڕۆ دووشەممە 15/10/2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دۆستی گەلی كورد و رووناكبیر و مێژوونووسی تورك ئیسماعیل بێشكچی كرد.
لەدیدارەكەدا ئیسماعیل بێشكچی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی كوردستان و مانگی پێنجی عێراق بە گرنگ و مانادار وەسفكرد و وێڕای ئاماژەدان بە ریفراندۆمی گەلی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە ئەو سەركەوتنانەی لیستی پارتی ئاماژەیە بەوەی كە سەرۆك بارزانی خاوەندارێتیی دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەكات.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستەكانی ئیسماعیل بێشكچی كرد لەمەڕ دۆزی رەوای گەلی كوردستان و پێزانینیشی هەبوو بۆ هەوڵ و چالاكی و نووسینەكانی بێشكچی لە پشتگیریكردنی گەلی كوردستان و رایگەیاند كە بێشكچی بۆ هەموومان جێگەی شانازییە و سیمبۆڵە و بۆچوون و تێڕوانینەكانی لەبارەی گەلی كوردستان جێگەی بایەخدانێكی زۆرە.
سەرۆك بارزانی لەدرێژەی وتەكانیدا رۆشنایی خستەسەر ریفراندۆم و ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر و هەروەها سەركەوتنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەوەی دووپاتكردەوە كە گەلی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستانی بەهۆی پێداگری لە مافەكانی گەلی كوردستان و هەڵوێستە نیشتیمانییەكانی پاداش كرد و سەركەوتنی پارتی بەهۆی بەرگریكردنی بووە لە ماف و ئیرادەی گەلی كوردستان.
خۆڕاگری و تێكۆشانی گەلی كوردستان و مێژووی خەباتی خانەوادەی بارزانی و دەڤەری بارزان تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.
