پەروەردەی سلێمانی ئەپڵیكەیشنێکی فێرکاریی پێشکەش بە قوتابیان دەکات

لەرێگای کوردستان24 خزمەتگووزارییەکی پەرورەردەیی بڵاودەکرێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بە هاوکاری ناوەندی توێژینەوەی مایکرۆسۆفت، ئەپلیکەیشنێکی خزمەتگوزاری بە ناوی Windows  Student پێشکەش بە قوتابیانی پۆلی 12ی زانستی و وێژەیی دەکات.

 ئەپلیکەیشنەکە پێکهاتووە لە هەموو وانەکانی پۆلی 12 کە بەشێوەی ڤیدیۆ (ئێچ دی)، پرسیار و یاری ئەلیکترۆنی شیکاریان بۆ دەکات.

 ئەو خزمەتگوزارییە شیکاریی بۆ کتێب و پوختەی کتێب (مەلزەمەکان) دەکات، جیالەوەش راهێنان و پرسیارە وزارییەکان رووندەکاتەوە.

ماوەی 2 ساڵە تیمێكی ناوخۆ و بیانی لە مامۆستا و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، كار لە دروستکردنی ئەم ئەپلیکەیشنە دەکەن و وەک ئەوەی بڕوا کەریم، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بۆ کوردستان24ی ئاشکراکردووە : "مەبەست لەو ئەپلیکەیشنە تەنها سوود گەیاندنە بە قوتابیان چونکە ئەپلیکەیشنەکە بێ بەرامبەرە".

بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئەپلیکەیشنە دەبێت فێرخواز سەردانی پەروردەی رۆژئاوا بکات و لەوێ کۆدێکی تایبەتی پێدەدرێت و خۆی ناونووس دەکات. بڕیاریشە لەماوەیەکی نزیکدا ئەو ئەپلیکەیشنە پێشکەش بە تەواوی قوتابیانی کوردستان بکرێت.

بڕوا لەبارەی خستنی ئەپلیکەیشنەکە بۆ نێو بازاڕە ئەلیکترۆنییەکان گووتی: "لەدوای تەواوکردنی پڕۆسەی ناونووسکردن، ئەپلیکەیشنەکە دەخرێتە بازاڕەکانی ئەندرۆیدەوە و فێرخوازان دەتوانن دایبگرن".

‌H.J