نێچیرڤان بارزانی و جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دوا گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ن

ئه‌مه‌ریكا پشتگیری خۆی بۆ هه‌رێم دووپات ده‌كاته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جۆن سۆلیڤان، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و شاندێكی یاوه‌ری، كه‌ له‌ ژه‌نه‌رال میگی ڤادل، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌ش، دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، ستیڤ ڤاگن، كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی دیپلۆماسی و سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا پێكهاتبوون، گفتوگۆ له‌باره‌ی دوا گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كان، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان كرایه‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا سولیڤان پیرۆزبایى له‌ نێچیرڤان بارزانى كرد، بۆ سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر داعشدا، هه‌روه‌ها پشتگیریى وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و هاویكاری ئه‌منى و ئابوورى، داواى به‌رده‌وامیدان به‌ گفتوگۆكانى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غداى كرد.

له‌باره‌ی دوا پیشهاته‌ سایسییه‌كانی عێراقیش ناوبراو هیواى خواست، هه‌موو سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن، له‌ كاتى دیاریكراوى خۆیدا و به‌پێى بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان، حكوومه‌تى تازه‌ى عێراق ده‌ستبه‌كار ببێت.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی سه‌ردانی شاندی میوان و هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و پوخته‌یه‌كى له‌باره‌ى پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان تیایدا و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان خسته‌ ڕوو.

H.B