16ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌ریایه‌ك نه‌وت راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی كرا

ئامانجی حه‌شد و هاوپه‌یمانه‌كانی لاوازكردنی ئابووری كوردستان بوو

K24 - هه‌ولێر:

رووداوه‌كانی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر دیوێكی ئابووری هه‌یه‌، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ململانێی سوود و به‌رژه‌وه‌ندی ئابوورییانه‌ی زلهێزه‌كانن، رووسیا باشترین هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه، به‌شێك له‌ شاره‌زایان پێیان وایه‌ بریتانیا توندترین هه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ و تاڕاده‌ه‌یكی زۆر لایه‌نگری به‌غدا بووه‌، به‌گوێره‌ی شاره‌زایان هه‌ڵوێستی بریتانیا په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمپانیای بی پی بریتانی هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ عێراق رێككه‌وتن بۆ كاركردن له‌ كه‌ركوك.

پرسی نەوت یەکێکە لە پرسە هەرە گەرم و کێشەدارەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق. دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر ئەو کێشەیە بە رادەیەک گەرم بوو كە کۆمپانیا ناودارەکانی جیهانیشی پەلکێش ناو ئەو دۆسییە کردووە.

كۆمپانیای ڕۆسنەفت یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی بە گرنگیەوە لە نەوت و غازو سەرچاوەکانی تری وزەی هەرێمی كوردستان دەڕوانێت. رۆس نەفت لە حکومەتی روسیا نزیکە و بە بۆچوونی هەندێک لە شارەزایان، دژایەتی نەکردنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن رووسیاوە بە پلەی یەک بۆ نەوتی کوردستان و بە پلەی دوو بۆ ئەو کێبڕکێیەکی دەگەڕێتەوە كە روسیا و ئەمریکا هەیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ژیرانە دوای ئەو کێشانە مامەڵەی کردووەو توانی لە نێوان هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا دەرفەتەکان لەدەست نەدات و چەند گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای گازپڕۆم و رووسنەفت واژۆ بکات.

هەرچەندە ئەو هەوڵە بە بەدەستهێنانی پشتگیری سیاسی روسیا بۆ کوردستان لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام ئیگۆ سێچین، سەرۆکی کۆمپانیا روسەکە رێکەوتنەکانی بە بازرگانی ناساند.

لە ڕوی نێودەوڵەتی، ئەو رێکەوتنە چەند گرنگیەکەی بۆ کوردستان هەیە، لەوانە: قاییمترکردنی پێگەو هەژموون و دەسەڵاتی کورد لە بازاڕی وزەی جیهان و چەسپاندنی لەسەر نەخشەی سیاسی و ئابووری،چونکە لە ڕێگەی ئەو پلانە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی روسنەفت، هەولێر بە کاراکاس و نیو دێلهی بەستراوەتەوە ، ھەروەھا بەهێزکردنەوەی ئایندەی سیاسی و ئابووری هەرێمە. هەرێمی کوردستان و تایبەت حکومەت لە لایەن بەرهەڵستکاران زۆرجار بە بێ پلان تەماشا دەکران کە وەک دەگوترا گوایە "هەمو هێلکەکانی خستۆتە سەبەتەیێکەوە"، بەڵام دەرچوو ئەوە بێجگە لە یاری سیاسی، قسەیێکی بانگەشەیی بوو. حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی بە سیاسەتی وردی خۆی لە ڕێگەی نەوت و ئابووریەوە هەڵبستێتەوە؛ هەڵستانەوەیەک بەشێک لە پارتە کوردیە بەرهەڵستکارەکانی  هەراسان کرد و دوژمنانی گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی تۆقاند.

16ـی ئۆكتۆتەر زەبێركی گەورەی لە نەوتی كەركووك دا، بە جۆرێك ماوەی ساڵێكە  بە بڕیارێكی حكومەتی بەغدا دلۆپێك نەوتی كەركووك ھەناردەی بەندەری جەیھانی توركی نەكراوەو ئەمەش زیانێكی گەورەی بە پێگەو ئابووری كەركووك و كێڵگە نەوتییەكانی داوە.