چەندین تەقینەوە لە نزیک کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە دەریای سوور روویاندا

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند؛ لە نزیک کەناراوەکانی شاری موخای یەمەن، چەندین تەقینەوە لە نزیک کەشتییەکی نەوتهەڵگر روویانداوە، بەڵام سەرجەم دەستەی کەشتیوانان سەلامەتن و هیچ زیانێکی ماددی و ژینگەیی تۆمار نەکراوە.

یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی هۆشدارییەکی دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، بەرپرسی ئاسایشی کۆمپانیای کەشتیوانییەکە راپۆرتی داوە کە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕینیدا بە 60 میلی دەریایی لە باشووری شاری موخای سەر بە کەناراوەکانی یەمەن، چەندین تەقینەوەی یەک لەدوای یەکی لە نزیک کەشتییەکەدا بەدیکردووە.

دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەم رووداوەدا هیچ زیانێک بەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکە نەکەوتووە، دەستەی کەشتیوانانیش بە تەواوی سەلامەتن و هیچ کاریگەری و دزەکردنێکی ژینگەیی رووی نەداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکار و سەرچاوەی تەقینەوەکان کردووە، هاوکات هۆشداریی بەپەلەی داوەتە سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکان کە لە کاتی پەڕینەوە لەو ناوچەیە و گەرووی بابولمەندەبدا ئەوپەڕی وریایی بگرنە بەر و هەر جموجۆڵێکی گوماناوی راستەوخۆ ڕابگەیەنن.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ناوچەی گەرووی بابولمەندەب و دەریای سوور شاهیدی ئاڵۆزی و پەرەسەندنی سەربازیی قورسە لەنێوان هێزەکانی هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی سعودیە و چەکدارانی حوسی، کە بەردەوام مەترسی لەسەر گەشتە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات.