وەزارەتی دارایی: ئاوات شێخ جەناب پێش رۆشتنی لیستی مووچەی واژۆ کردبوو

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئاوات شێخ جەناب پێش دەستلەکارکێشانەوەی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی واژۆ کردبوو و بە هیچ جۆرێک هۆکار نەبووە بۆ دواکەوتنی لیستی مووچە.

یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئاوات شێخ جەناب، پێش پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی، سەرجەم کارە پێویستەکانی تاوەکوو 29ـی ئەیلوول جێبەجێ کردبوو، لەوانەش واژۆکردنی لەسەر ناردنی لیستی مووچەی هەمان مانگ."

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، وەزیری دارایی بە هیچ جۆرێک هۆکار نەبووە بۆ دواکەوتنی لیستی مووچە و تەنانەت بۆ یەک رۆژیش پرۆسەکەی پەک نەخستووە.

وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، وەزیری دارایی جەخت لەسەر هەڵوێستەکەی دەکاتەوە و لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەی سوورە و هیچ کارێکی دیکەی فەرمیی دوای 29ـی ئەیلوول لەو پۆستەدا ئەنجام نەداوە و ئەنجامیشی نادات.