سەلام عەبدوڵڵا: یەکێتی برا بەشمان نابێت
"نابێت ئەمجارە پارتەکان هەم لە دەسەڵات و هەم لە ئۆپۆزسیۆن بن"
سەلام عەبدوڵڵا، سەرنوسەری رۆژنامەی خەبات رایگەیاند، ئەمجارە پارتی بە قەد ژمارەی کورسییەکانی پشک و پۆست لە حکوومەت دەداتە یەکێتی.
لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ کوردستان24، ئەو سەرنووسەرەی ئۆرگانی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی کوردستان رایگەیاند: "من پێم وایە دەبێت یەکەمجار پارتی لەگەڵ یەکێتی قسەبکات چونکە یەکێتی خاوەن دەسەڵات، هێزی چەکداریی و دامودەزگای خۆیانن لە ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان".
لەبارەی ئەوەی ئایا پارتی دەکرێت بەبێ یەکێتی حکوومەت پێکبهێنێت، سەلام عەبدوڵڵا گووتی : "رەنگە ئەو حکوومەتە سەرکەوتوو نەبێت کە یەکێتی تێدانەبێت، دروستکردنی حکوومەت لەلایەن یەک پارتی سیاسییەوە لە هەرێمی کوردستان کاتێک دەبێت کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکبێت(حزبی نەبێت)، بەڵام ئەمجارە یەکێتی برا بەشی پارتی نابێت و رێژەی کورسییەکانی، پۆستەکانی دیاری دەکات".
سەبارەت بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان سەلام عەبدوڵڵا دەڵێت: " ناکرێت ئەو پارتانەی دەنگیان کەمییان کردووە هۆکارەکەی بۆ پارتەکانی دیکە بگەڕێنەوە چونکە زۆرێک لەو پارتانە لە ریفراندۆم پەشیمان بوونەوە و خەڵک سزای دان".
دەشڵێت: "ناکرێت ئەوەی دێتە دەسەڵات، قاچێکی لە دەسەڵات و قاچێکی لە ئۆپۆزسیۆن بێت".
H.J