گۆڕان ئەنجامدانی كۆنگرە تاوتوێ دەكات

گفتوگۆ لەبارەی بەشداریكردن لە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێم دەكەن

K24 - سلێمانی

بڕیارە ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە مەكۆی سەرەكی ئەو حزبە لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆببێتەوە. یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكان خۆ رێكخستنەوە و ئەنجامدانی كۆنگرە دەبێت.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی خۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی گۆڕان و تاوتوێكردنی ئەنجامدانی كۆنگرە و ھەڵبژاردنی نێو رایەڵەكانی بزووتنەوەكە كۆببێتەوە.

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشكرد، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەگەرەكانی بەردەم بزووتنەوەكەیە لە بەشداریكردن و بەشداری نەكردنیان لە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان.

كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، دوای ئەوە دێت كە بەپێی ئەنجامەكان دەنگەكانی ئەو حزبە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە بەراورد بە ھەڵبژاردنەكانی رابردوو كەمیكردووە، بەشێك لە ھەڵسوڕاوانی گۆڕان كێشەناوخۆییەكانی حزبەكەیان بە یەكێك لە ھۆكارەكان دەزانن.

ھ.م