ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەکاری بۆ ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان دەکەن
ئەمریکا بە ئامانجی ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێکی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە، هێزی سەربازیی زیاتر رەوانەی ئیسرائیل دەکات.
یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، ماڵپەڕی والا-ی ئیسرائیلی بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا ئێستا نزیکەی 3,000 سەربازی لە ئیسرائیل جێگیر کردووە. ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە، جووڵەکان بۆ بەهێزکردنی هێز و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە چەند هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبن.
ئەو ماڵپەڕە ئاشکرایکرد، ئەرکی سەربازە ئەمریکییەکان لە ئیسرائیل سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەوانان، هەروەها تیمەکانی پشتیوانی و خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکان دەگرێتەوە. پێشتر والا لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئیسرائیل بڵاویکردبووەوە، هەماهەنگیی نێوان سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ گەیشتنی هێزی زیاتری ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد دەکات، ئەوەش ئامانج لێی کەمکردنەوەی ئەو کاتەیە پێویستە بۆ گواستنەوە لە دۆخی ئاساییەوە بۆ دۆخی نائاسایی.
لە لایەکی دیکەوە، کەناڵی 12-ی ئیسرائیلی لە 28-ی ئەیلوولی رابردوو ئاشکرایکرد، دوو فڕۆکەخانەی دیکەی فڕۆکەی جەنگیی سەر بە ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی عۆفدا لە ناو ئیسرائیل نیشتوونەتەوە. هاوکات راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، ئیدارەی ئەمریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ تەواوکردنی گرێبەستێکی چەک و تەقەمەنی بە بەهای 2.8 ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل، کە دەیان هەزار بۆمب و کڵاوەی جەنگی لەخۆ دەگرێت.
هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ستراتیژییەک دادەڕێژێت، بنەمای سەرەکییەکەی ئامادەباشییە بۆ جەنگێکی لەناکاو. سوپا جەختیکردەوە، لە ئامادەباشییەکی بەردەوامدان بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێکی چاوەڕواننەکراو و ئامادەسازی بۆ ئەگەری روودانیان.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێنجشەممەی رابردوو باسی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی بۆردومانێکی چڕی ئێران کرد، ئەوەش دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول لە ئەمریکا کە بڕیارە لە تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
لە 28-ی شوباتی 2026 ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکیان بۆ سەر ئێران ئەنجامدا. لە بەرامبەریشدا ئێران وەڵامی دایەوە و چەند هێرشێکی کردە سەر ئیسرائیل و ئەو وڵاتە کەنداوییانەی میوانداریی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن.