كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەنێت
"لێكۆڵینەوە لە سندووقە سكاڵا لەسەرەكان تەواو بووە"
K24 - ھەولێر
كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، كارەكانی لە ھەژماركردنی دەنگەكان و لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان و سندووقە سكاڵا لەسەرەكان تەواو كرد و ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رادەگەیەنێت.
سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوێنێ كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی كارەكانی تەواوكرد، لە ژماردنی دەنگی ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە و لێكۆڵینەوە لە سكاڵای لایەنەكان".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەنجامی كۆتایی بەدیار كەوتووە و رەنگە ئەمڕۆ شەممە كۆمسیۆن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆتایی رابگەیەنێت".
رۆژی 30ی ئەیلوولی 2018، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو و كۆمسیۆن ئەنجامی بەرایی راگەیاند، بەڵام بەھۆی لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان و ژماردنی دەنگی ژمارەیەك سندووق كە سكاڵایان لەسەر بوو، راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دواكەوت.
ھ.م