سەرۆك بارزانی: هەندێك بەناو رۆشنبیر و لایەنی سیاسی خزمەتی ئامانجەکانی دوژمنان دەکەن

جان دۆست: ھەموو گەل بە چاوی ئومێد و هیواوە دەڕوواننە سەرۆك بارزانی

K24 – هه‌ولێر:
ئەمڕۆ سەرۆك مەسعود بارزانی، لە سەلاحەددین، پێشوازی لە نووسەر و رۆشنبیری ناسراوی کورد، جان دۆست کرد و لەو دیدارەدا ریگەیاند، هەندێك بەناو رۆشنبیر و لایەنی سیاسی خزمەتی ئامانجەکانی دوژمنان دەکەن، ھەروەھا جان دۆست، ئەوەی خستەڕوو، ھەموو گەل بە چاوی ئومێد و هیواوە دەڕواننە سەرۆك بارزانی.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سایتی فەرمی سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ شەممە 20ـی10ـی2018 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە نووسەر و رۆشنبیری ناسراوی کورد، جان دۆست کرد. 

 لەو دیدارەدا جان دۆست، رۆڵی سەرۆک بارزانی، بەرز نرخاندووە و رایگەیاندووە، کە گەلی کورد بە ئومێد و هیواوە دەڕوانە سەرۆک بارزانی. لای خۆشیەوە سەرۆک بارزانی ستایشی کاروچالاکییەکانی نووسەر لە بواری فەرهەنگییدا بە گرنگ دەزانێت.

جان دۆست خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری سەرۆک بارزانی پێشاندا و رایگەیاند کە ئێستا هەموو گەل بە چاوی ئومێد و هیواوە دەڕوواننە سەرۆک بارزانی و بۆ ئەوە هاتووە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی جەنابیان بگرێت. 

لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی، وێڕای بەخێرهێنان، دەستخۆشی لە جان دۆست کرد بۆ ئەو رۆڵەی لە بواری فەرهەنگییدا گێڕاویەتی و بەرهەمی بەهاداری خستۆتەڕوو. 

سەرۆک بارزانی کورتەیەکی مێژوویی لەسەر خەبات، قوربانیدانی گەلەکەمان، ریفراندۆم، ١٦ـی ئۆکتۆبەر، داستانەکانی پردێ و سحێلا باس کرد و رایگەیاند: دوژمنان بەدرێژایی مێژوو هەموو توانای سەربازییان بۆ تێکشکاندن و لەناوبردنی گەلەکەمان تەرخان کرد و شکستیان هێنا، ئێستا کار لەسەر شکاندنی ئیرادە و نەهێشتنی باوەڕبەخۆبوون لای تاکەکانی گەلەکەمان دەکەن و دەیانەوێ وای لێ بکەن خۆمان بە شیاوی ئازادی نەزانین، بەداخەوە لەوەشدا هەندێ بەناو رۆشنبیر و لایەنی سیاسی، بوونەتە بەشێک لەو پیلانە و خزمەتی ئامانجەکانی دوژمنان دەکەن. 

سەرۆک بارزانی روونیشی کردەوە: هەر لە دوای زەوتکردنی خاک و ئازادیی گەلەکەمان، دەیان ساڵە رۆشنبیرانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز، رێگەیان نەداوە کولتور و فەرهەنگ و زمانی کوردی و هەستی ئازادیخوازی لەناو بچێت، ئێستایش رۆڵی ئێوەی نووسەر و رۆشنبیرانە کە شوێنکەوتووی رێبازی ئەوان بن و نەهێڵن دوژمنان لەو پیلانەدا سەرکەوتوو بن. 

سەرۆک بارزانی هەروەها رایگەیاند: ریفراندۆم سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی کوردستان بوو و 93%ی گەلی کوردستان پشتیوانی بوون و یەکخستنی ئیرادەی ئازادیخوازیی کوردستانییان بوو لە سەرتاسەری جیهان، داستانەکانی پردێ و سحێلاش لە 20 و 26ی ئۆکتۆبەر، وەرچەرخانی مێژوویی بوون و سەرکەوتنی ئازادیخوازیی بوو بەسەر داگیرکاری و پیلانگێڕیی دەرەکی و ناوخۆییدا. 

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە پێویستە رۆشنبیران ئەو پەیامە بە لاوانی کوردستان بگەیەنن کە پێویستە ئامانجی مەزنیان هەبێت و باوەڕیشیان بەخۆیان بێت و ئایندەی گەلەکەیان هەبێت.