سەرۆك بارزانی پشتیوانی لە عادل عەبدولمەھدی دەكات

سەرۆك بارزانی: عادل عەبدولمەھدی دەتوانێت لە قۆناخی داھاتوو رۆڵ بگێڕێت

K24 - ھەولێر

سەرۆك بارزانی دووپاتیدەكاتەوە، پشتیوانی لە روانگەی كاركردنی عادل عەبدولمەھدی، دەكەن و دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەكان پشتیوانی بكەن.

ئەیاد عەلاوی، سەركردە لە ھاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان، لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی شەرقییە، ئاماژەی بەوەكرد، پەیوەندیی بە سەرۆك بارزانییەوە كردووە بۆ پشتیوانیكردنی عادل عەبدولمەھدی، بۆ پێكھێنانی حكوومەت، عەلاوی دەڵێت، سەرۆك بارزانی پێی گوتم "ئێمە پشتیوانی لەو روانگەیە دەكەین، ناكرێ ئێمە عادل عەبدولمەھدی لەنێو قەفەسێك بكەین و پێی بڵێین ئەو كارە بكە و بێ پشتیوانیشی بھێڵینەوە. سەرۆك بارزانی ھەروەھا گوتوویەتی "ناوبراو دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت لە قۆناخی داھاتوودا بەو مەرجەی لایەنە سیاسییەكان پشتیوانی بكەن.

عەلاوی ئاشكراشی دەكات، سەرۆك بارزانی، پێی گوتووە "ھەندێ ھێزی سیاسی لەوانە سائیرون بەرنامەیەكی حكوومی پێشكەشكرد، لە بری ئەوەی ھێزە سیاسییەكان گفتوگۆیەكی فراوان بۆ داڕشتنی پڕۆگرامێك بۆ حكوومەتی داھاتوو تاوتوێ بكەن، كەوتوونەتەوە گفتوگۆی ئەوەی ئاخۆ كام لا كام وەزارەت وەربگرێت، لەسەر ئەو بەرنامەیەی پێشكەشكراوە بێ ئەوەی دانیشن و بەرنامەكە فراوان و دەوڵەمەند بكەن.