"پێشمەرگە لە پردێ مەبەستی گڵاوی داگیركەر و نەیارانی لەگۆڕنا"

"ئەو پیلانە لە خیانەتە گەورەکەی 16ـی ئۆکتۆبەر دەستیپێکردبوو"

K24 - ھەولێر

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە لە ساڵیادی داستانی پردێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ھاتووە: "ئەو پیلانە لە خیانەتە گەورەکەی 16ـی ئۆکتۆبەر دەستیپێکردبوو کە پشتی پێشمەرگەیان بەردا و کەرکووکی دڵی کوردستانیان بە نرخێکی هەرزان فرۆشت. ئەو خیانەتە وایکرد نەیارانی گەلەکەمان، هەرێمی کوردستان بە پارویەکی ئاسان بزانن و ویستیان داگیری بکەن. بۆیە روویانکردە هەولێری پایتەخت، بەڵام لە بەرگرییە پڕ لە قارەمانیەکەی پردێدا پێشمەرگە پەلامارەکەی نەیار و داگیرکارانی تێکشکاند و مەبەستی گڵاوی ئەوانی لەگۆڕنا".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "بە هەمانشێوەش لە سحێلای بەرخودان و مەردایەتی و لە مەخموور و بەرەکانی رۆژهەڵاتی دیجلە، پێشمەرگە پشت بە خودا و خۆڕاگر و نیشتمانپەروەرانی گەل، پیلانی نەیارانی بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان تێکشکاند و کوردستان بە سەربەرزی مایەوە".

 

دەقی راگەیەندراوەكەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە

 

جەماوەری خۆڕاگر و ئازادیخوازی کوردستان

خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە قارەمانەکانی نەتەوە و نیشتمان

لە ڕۆژێکی وەک ئیمڕۆ لە 20ـی 10ـی 2017ـدا گەلی کوردستان لە داستانێکی مەزنی پڕ لە قارەمانیدا بەرەنگاری هێرش و پیلانی ناحەزانی ناوەوە و دەرەوە بووەوە. ئەو پیلانە لە خیانەتە گەورەکەی 16ـی ئۆکتۆبەر دەستی پێکردبوو کە پشتی پێشمەرگەیان بەردا و کەرکووکی دڵی کوردستانیان بە نرخێکی هەرزان فرۆشت. ئەو خیانەتە وایکرد نەیارانی گەلەکەمان، هەرێمی کوردستان بە پاروویەکی ئاسان بزانن و ویستیان داگیری بکەن. بۆیە ڕوویان کردە هەولێری پایتەخت، بەڵام لە بەرگرییە پڕ لە قارەمانیەکەی پردێدا پێشمەرگە پەلامارەکەی نەیار و داگیرکارانی تێکشکاند و مەبەستی گڵاوی ئەوانی لەگۆڕنا.

 بە هەمان شێوەش لە سحێلای بەرخودان و مەردایەتی و لە مەخموور و بەرەکانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە، پێشمەرگە پشت بە خودا و خۆڕاگر و نیشتمانپەروەرانی گەل، پیلانی نەیارانی بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان تێکشکاند و کوردستان بە سەربەرزی مایەوە.

ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەرانی کوردستان

20ـی ئۆکتۆبەری 2017 وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە خەباتی میللەتەکەماندا و لەو ڕۆژەدا مێژوویەکی پڕ لە شانازی تۆمار کرا. فەرماندەییئۆپەراسیۆنەکان ئەو ڕۆژە مێژووییە بە ڕۆژێکی پڕشنگداری پێشمەرگە و کوردستان دەزانێت و یادی بەرز دەنرخێنێت.

ئەو سەرکەوتنەی پێشمەرگە بۆ هەموو لایکی سەلماند کە گەلی کوردستان خاوەن دۆزێکی ڕەوایە و ئامادەیە هەتا دوایین دڵۆپی خوێن بەرگری لە خاک و کەرامەتی نیشتمان بکات. ئەو سەرکەوتنە مەزنە بە خوێنی ئاڵی دەیان شەهید هاتە ئاراوە. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و سوپاس و پێزانین بۆ ئەو پێشمەرگە و فەرماندە قارەمانانە کە ڕۆڵیان هەبووە لە تۆمار کردنی ئەو سەرکەوتنە مەزنە کە تا هەتایە لە بیرەوەری میللەتەکەماندا دەمێنێتەوە و بە بەرزی یاد دەکرێتەوە.

هەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان

فەرماندەیی ژووری ئوپەراسیۆنەکانی پێشمەرگەی کوردستان

20ـی 10ـی2018