نێچيرڤان بارزانى: بێشكچى جێگه‌ى خۆى له‌ دڵى هه‌موواندا كردووه‌ته‌وه‌

نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ ئيسماعيل بێشكچى كرد

K24 – هه‌ولێر:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان دووپاتىكرده‌وه،‌ كه‌ گه‌لى كوردستان به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ هه‌ڵوێست و بيروبۆچوونه‌كانى ئيسماعيل بێشكچى ده‌ڕوانێت و به‌و به‌رگرييه‌ى له‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستان و مرۆڤايه‌تى ده‌يكات، جێگه‌ و خۆشه‌ويستيى خۆى له‌ دڵى هه‌موواندا كردووه‌ته‌وه‌.

له‌ ديدارێكدا نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ نزيكه‌وه‌ له‌ دۆخ و ته‌ندروستيى نووسه‌ر و روناكبير و دۆستى گه‌لى كورد ئيسماعيل بێشكچى پرسى و هيواى ته‌ندروستييه‌كى باش و سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.

له‌ ديداره‌كه‌دا، بێشكچى وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و رێز و خۆشه‌ويستييه‌ى له‌ هه‌موو شوێنێكى كوردستان هه‌ستى پێده‌كات، پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى كار و چالاكييه‌كانى وه‌قفى "ئيسماعيل بێشكچى" پێشكه‌ش كرد و باسى له‌م سه‌ردانه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و به‌شداريكردنى له‌ چه‌ندين چالاكيى كولتوورى و رۆشنبيريدا كرد.