بێگەرد تاڵەبانی: حکومڕانی ئەم وڵاتە بێ یەکێتی و پارتی ناکرێت

"یەکێتی و پارتی قۆناخی سەختریان تێپەڕاندووە"

K24 – هه‌ولێر:

بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی دیداری مێری لە شاری هەولێر رایگەیاند، حکومڕانی بەبێ یەکێتی و پارتی ناکرێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، بێگەر تاڵەبانی  گەشبینی خۆی بە دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان نیشاندا و رایگەیاند: "دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و کۆتایی هێنان بە تانەکان، پەرلەمانی کوردستان دواین دانیشتی خۆی دەکات و تیمی نوێی پەرلەمانیش لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری رادەسپردرێت بۆ دەست بەکاربوون".

لە وەڵامی ئەوەی ئایا پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بە ساردی دەمێنێتەوە، سکرتێری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: "گرفتی ئەوەندە ئاڵۆز نییە کە یەکێتی و پارتی نەتوانن رێکبکەون و ئیرادەش بۆ رێککەوتن و دانوستان هەیە چونکە هەردوولا قۆناخی سەختریان لە ئێستا تێپەڕاندووە".

 لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند: "بەبێ ئاگاداری میدیاکان، گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە و بەگوێرەی یاساش لایەنی براوە حکوومەت پێکدێنێت، بەڵام دەزانین لە کوردستان حکومڕانی بەبێ پارتی و یەکێتی ناکرێت".

ئەمڕۆ سێشەممە 23/10/2018 دیداری مێری 2018 بۆ گەنگەشەکردنی روانگەکان و سەقامگیری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە سپۆنسەريى ميديايى كوردستان 24 و بە ئامادەبوانی دەیان سیاسی و بڕیاربەدەستی کوردستان، عێراق و ناوچەکە لە ھەولێر دەستیپێکرد و بڕیارە دوو رۆژ بەردەوامبێت.

 H.J