تورکیا 51 کەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعش دەستگیردەکات
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی هاوکاتدا لە 16 پارێزگادا بەڕێوەچووە، 51 کەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە رێکخراوی داعشەوە دەستگیرکراون.
یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا روونیانکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان بە هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری سەر بە فەرماندەیی گشتیی جەندرمە و داواکارییە گشتییەکان بووە و لەلایەن فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگاکانەوە جێبەجێکراون.
ئەو ئۆپەراسیۆنانە پارێزگاکانی ئەدەنە، ئادیامان، بالیکەسیر، بورسا، دیاربەکر، دوزجە، ئەدیرنە، غازی عەنتاب، ئیغدیر، قەیسەری، ماردین، مێرسین، نەڤشەهیر، سینۆپ، شانلی ئورفا و زۆنگولداکی گرتووەتەوە.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن دەستگیرکراوەکان ئەندامی رێکخراوەکەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، هەندێکیان لە رێگەی کەسانی پەیوەندیدار بە رێکخراوە خێرخوازییەکان پارەیان بۆ رێکخراوەکە دابینکردووە، هەندێکی دیکەیان لە رێگەی ئەکاونتەکانیان لە سۆشیاڵ میدیا بانگەشەیان بۆ پروپاگەندەکانی داعش کردووە.
وەزارەتی ناوخۆ جەختدەکەنەوە، ئۆپەراسیۆنەکان دژی چالاکییەکانی رێکخراوەکە و تۆڕە داراییەکانی بەردەوام دەبن. لە راگەیەندراوەکەدا هیچ وردەکارییەکی لەبارەی رەگەزنامەی دەستگیرکراوەکان یان رۆڵیان لە ناو رێکخراوەکەدا بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها رایانگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی چەک، تەقەمەنی یان بڕە پارەیەک نەکراوە.
25ـی ئەیلوولی رابردوو، وەزارەتەکە دەستگیرکردنی 83 گومانلێکراوی لە 28 پارێزگا راگەیاندبوو، کە لە میانەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا بەڵگەنامەی رێکخراوەیی و کەلوپەلی دیجیتاڵی دەستیان بەسەردا گیرابوو.
هاوکات 29ـی ئەیلوول، پۆلیسی ئیستانبوڵ بە تۆمەتی دابینکردنی دارایی بۆ رێکخراوەکە شەش کەسی دەستگیرکرد. پاش چاودێریکردنی گواستنەوە داراییەکان لە رێگەی دەستەی لێکۆڵینەوەی تاوانە داراییەکان، بڕی 13 هەزار دۆلار و کەلوپەلی دیجیتاڵی لای ئەو کەسانە دۆزرایەوە.