ئه‌مه‌ریكا چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی نوێ له‌سه‌ر كوژرانی خاشوقچی ئاشكرا ده‌كات
هاسبڵ له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كانی له توركیا به‌رده‌وامه
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی ئه‌مه‌ریكی ئاشكرایكرد، جینا هاسبڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌واڵگه‌ری ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا "CIA", له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ توركیا، گوێبیستی ئه‌و تۆماره ده‌نگییانه بووه، كه له كاتی كوژرانی جه‌مال خاشوقچی، رۆژنامه‌نووسی سعوودی له كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له ئیسته‌نبوڵ تۆماركراون.
ئه‌و رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاویكرده‌وه، "ئامانج له كۆبوونه‌وه‌كانی هاسبڵ له توركیا كه له سێشه‌ممه‌ی رابردووه‌وه ده‌ستی پێكردووه، بۆ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر پرسی كوژرانی خاشوقچی".
واشنتۆن پۆست نووسیویه‌تی، "هاسبڵ باوه‌ڕی به‌و به‌ڵگانه كردووه كه له توركیا به‌ده‌ستی هێناون، ئه‌مه‌ش واده‌كات فشاری زیاتر بخرێنه سه‌ر سعوودیه".
رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو، ریاز دانی به‌وه‌دا نا كه خاشوقچی له‌ناو باره‌گای كونسۆڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌یان له ئیسته‌نبوڵ كوژراوه و ئاماژه‌ی به‌وه دابوو، "رووداوه‌كه له‌ئه‌نجامی ده‌مه‌قاڵی و شه‌ڕه‌شه‌ق درووست بووه و كوژرانی خاشوقچیی به‌دواوه بوو"، هه‌روه‌ها ده‌ستگیركردنی 18 كه‌سی سعوودیشی راگه‌یاند، كه له كه‌یسه‌كه‌وه تێوه گلاون، به‌ڵام تائێستا شوێنی ته‌رمی ناوبراو نازانرێت.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی لێكه‌وته‌كانی ئه‌و دۆسییه‌دا، شای سعوودییه هه‌ریه‌ك له ئه‌حمه‌د عه‌سیری، جێگری سه‌رۆكی هه‌واڵگه‌ری و سعوود بن عه‌بدوڵڵا ئه‌لقه‌حتانی، راویژكاری دیوانی شاهانه‌ی له كاره‌كانیان دوور خسته‌وه، بڕیار پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كیش به سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی وڵاته‌كه‌ی ده‌ركرد، بۆئه‌وه‌ی په‌یكه‌ری هه‌واڵگه‌ری گشتی سه‌رله‌نوێ دابڕێژرێته‌وه.
H.B