رووسیا: مامەڵەی ئەمەریکا لەگەڵ کورد نیگەرانی کردووین

"کەمپینی سەربازییەکانی داگیرکەرانەن"

K24 – هه‌ولێر:

رووسیا تۆمەتی داگیرکاری دەخاتە پاڵ ئەمەریکا بەوەی واشنتن بەبێ رەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و سووریا ئۆپەراسیۆن لە چەند ناوچەیەکی خاکی سووریا ئەنجام دەدات و دەشڵێت سەودای ئەمەریکا لەگەڵ کورد نیگەرانی کردووین.

ئەمەریکا نیازی هەیە لە رێککەوتنامەی هێزی ئەتۆمی مەودا-مامناوەندی ساڵی 1987 بکشێتەوە بەوەی مۆسکۆ ئەو رێککەوتننامەیەی پێشێلکردووە.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە میانی راگەیاندنی هەڵوێستی رووسیا لەبارەی ئەو بڕیارەی ئەمەریکا رایگەیاند: "مۆسکۆ بە تەواوی پابەندی بنەماکانی رێککەوتننامەکە بووە و داواش لە گشت وڵاتان دەکەین ئەمەریکا لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتننە بوستێنن".

ماریا جیا لەوە، واشنتن بە داگیرکردنی سووریا تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە ئەنجامدانی کەمپینی سەربازیی، باشووری سووریای داگیرکردووە چونکە ئەو کەمپینانە بەبێ رەزامەندی نەتەتەوە یەکگرتووەکان و سووریایە".

دەشڵێت: "بارودۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە تیایدا ئەمەریکا هەوڵدەدات هانی کوردە جوداخوازەکان بدات مایەی نیگەرانیمانە".

پێشتر مۆسکۆ واشنتنی بەوە تۆمەتبارکردبوو کە دەیەوێت لە رێگای کوردەکان سووریا دابەشبکات، هەروەها هۆشداری تووندی دا لە کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە و رایگەیاند: "جیهان بەرەو فەوزا دەبات".

سەرچاوە: سپۆتنیک

H.J