به‌ناوبانگترین بێژه‌ری ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی لێدوانی ره‌گه‌زپه‌رستانه له‌كاره‌كه‌ی ده‌ركرا
مووچه‌ی ساڵانه‌ی 25 ملیۆن دۆلاره
K24 - هه‌ولێر:
تۆڕی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی "NBC"ی ئه‌مه‌ریكی، مێگين كێڵی، به‌ناوبانگترین بێژه‌ری ئه‌مه‌ریكا و خاوه‌نی زۆرترین بڕی مووچه له‌و وڵاته، به هۆی لێدوانی ره‌گه‌زپه‌رستانه له دژی ره‌شپێسته‌كان، له كاره‌كه‌ی ده‌ركرد.
به گوێره‌ی راپۆرته میدیاییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، مێگين 47 ساڵ، له یه‌كێك له به‌رنامه‌كانی به‌ناوی "مێكان كێڵی توده‌ی" باسی له‌وه كردبوو، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی سپی‌پێست له جه‌ژنی هالۆوین، خۆی ره‌نگ بكات و بۆ ئه‌وه‌ی ره‌شپێست ده‌ربكه‌وێت تووشی كێشه ده‌بێت، یانیش به پێچه‌وانه‌وه ره‌شپێستێك ره‌نگی خۆی بگۆڕێت و ببێته سپی‌پێست، ئه‌گه‌رچی پێشتر كه منداڵبوون ئه‌وه ئاسایی بووه، چونكه ره‌نگی خۆیان گۆڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو كه‌ساتییه به‌ناوبانگه‌كان ده‌ربكه‌ون.
به گوێره‌ی وێبسایتی ی‌و ئێس ئه‌ی توده‌ی، دواتر مێگین له رێگه‌ی ئیمه‌یڵێكه‌وه داوای لێبوردنی له هاوكاره‌كانی كردووه و گوتوویه‌تی: "دواتر زانیم كه هه‌ڵسوكه‌وتێكی هه‌ڵه‌م ئه‌نجامداوه".
هه‌رچه‌نده، به‌هۆی ئه‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه، تۆڕی ته‌له‌ڤزیۆنی NBC، ئه‌و بێژه‌ره‌ی له كاره‌كه‌ی ده‌ركردووه و گرێبه‌سته‌كه‌شی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت، مێگین قه‌ره‌بووێكی زۆر له كه‌ناڵه‌كه وه‌ربگرت، كه ته‌واوی مووچه‌كانییه‌تی و بڕه‌كه‌شی ده‌گاته 50 ملیۆن دۆلار.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی "تی ئێم زی"، له سه‌ره‌تادا مێگین بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كه كردبوو و مووچه‌ی ساڵانه‌شی بڕی 25 ملیۆن دۆلار بوو، به‌ڵام هێشتا ساڵێك و 10 مانگ ماوه گرێبه‌سته‌كه‌ی به‌سه‌ر بچێت، بۆیه وه‌ك قه‌ره‌بوو داوای 50 ملیۆن دۆلاری كردووه.
مێگان كێڵی، ماوه‌ی 10 ساڵه یه‌كێكه له به‌ناوبانگترین بێژه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا، خوێندنی یاسای ته‌واوكردووه و پێشتریش له كه‌ناڵی فۆكس نیوز به‌رنامه‌یه‌كی به‌ناوی "مێگین فایڵس" هه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی پشتگیریكردنی كه‌ناڵه‌كه له سیاسه‌ته‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، وازی له كاره‌كه‌ی هێنا و گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ NBC واژۆكرد.
ئ. م