ئەو کەسەی بۆمبی بۆ نەیارانی ترەمپ دەنارد دەستگیرکرا

هەوادارێکی سەرسەختی ترەمپە

 K24 – هه‌ولێر:

دوێنێ هەینی ئەو کەسە دەستگیرکرا کە 14 بۆمبی بە شێوەی پۆست رەوانەی ئەو کەسانە کردبوو کە دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لێدوانیان دەدا.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، سیزار سایۆکی تەمەن 56 ساڵ پێشتر کاری گەیاندنی پیزا و فرۆشتنی میوەی کردووە، جارێکیش تۆمەتی هەوڵی تەقاندنەوەی کۆمپانیایەکی کارەبای بەهۆی زۆری کرێی کارەبا دراوەتە پاڵ.

ئێف بی ئای جیا لەو پیاوەی خەڵکی فلۆریدا، دەستیان بەسەر ڤانێکیشدا گرتووە کە سیزار خاوەنییەتی، ڤانەکەش بە وێنەی ترەمپ و چەند دروشمێکی ترەمپ دژی نەیارانی داپۆشراوە.

دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە لە رێگای جێ پەنجە و بەڵگەی دی ئێن ئەی، ئەو تۆمەتبارە دەستگیربکەن، بەڵام هێشتا هۆشداری دەدەن کە مەترسییەکان کۆتاییان نەهاتووە.

لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، نێوانی لایەنگرانی هەردوو پارتی کۆماریی و دیموکراتەکان ئاڵۆزبووە و لە هەندێک ویلایەت مەترسی تێکچوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکرێت.

سیزار یەکێک بووە لە لایەنگرانی ترەمپ و کۆمارییەکان، لەرێگای خزمەتگوزاری ناردن و گەیاندن، بۆمبی بۆ نەیارانی ترەمپ ناردووە، بەڵام پێش ئەوەی کەس ببێتە قوربانی دەستگیرکرا.

سەرچاوە: رۆیتەرز