پترایوس: ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری ئێستای عێراق له سه‌رده‌می مندا له زیندان بوون
فه‌رمانده‌ی پێشتووتری ھێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا: له عێراق چه‌ك له ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تدا نییه
K24 - هه‌ولێر:
ده‌یڤید پترایوس، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووتری ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا (CIA) و فه‌رمانده‌یه پێشووتری هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌ڵێت: "چه‌ك له عێراق له‌ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تدا نییه و ئه‌م خوله‌ی ئێستای ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش كه‌سانێكی تێدایه، ساڵی 2007 كاتێك فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بووم، ئه‌وانه له زینداندا بوون".
پترایوس كه پێشتر فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بووه له عێراق له میانی به‌شداریكردنی له كۆڕبه‌ندێكی گفتوگۆی مه‌نامه‌ی پایته‌ختی به‌حره‌ین گوتوویه‌تی: "ده‌بێت ئه‌و بارودۆخه‌ی عێراق رابگیرێت، چونكه زۆرینه‌ی چه‌ك له‌ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تدا نییه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه "له په‌رله‌مانی ئێستای عێراقدا كه‌سانێك بوونه‌ته په‌رله‌مانتار، ئه‌وكاته‌ی من فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بووم له عێراق، ئه‌وانه له زینداندا بوون، ئه‌وه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانی و دوو دڵییه".
جه‌نه‌راڵه خانه‌نشینكراوه ئه‌مه‌ریكییه‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌و سزایانه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له سه‌ره‌تاكانی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری داهاتوو بخرێنه سه‌ر ئێرانیش جیاواز ده‌بن، چونكه ئیداره‌ی ئێستای ئه‌مه‌ریكا هیچ سازشێك به‌رامبه‌ر ئێران ناكات وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی پێشتر ده‌یكرد، بۆیه له‌سه‌ر كۆمپانیاكان پێویسته له‌نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن".
پترایوس گوتوویه‌تی: "پێویسته چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران رابگیرێن، چونكه تاران پاڵپشتی میلیشیا تیرۆریسته‌كان ده‌كات و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا زیاتر كردووه".