ئیستانبوڵ دەسەڵاتدارانی ئەوروپا و رووسیا کۆدەکاتەوە

هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخی سووریا دەدەن

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ شەممە 27/10/2018 سەرۆکانی تورکیا، رووسیا، فەرەنسا و راوێژکاری ئەڵمانیا لە شاری ئیستانبوڵ لەبارەی کێشە سیاسییەکانی سووریا کۆدەبنەوە.

ئەم کۆبوونەوە لوتکەیە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2011ەوە جەنگی ناوخۆی سووریا بەردەوامە و بەگوێرەی هەواڵێکی فرانس24، تاکو ئێستا 360 هەزار کەس بەهۆیەوە کوژراون.

رووسیا پشتگیری لە ئەسەد دەکات و تورکیاش لە چەکدارە یاخییەکان، ئەمەش پرسێکی دیدارەکە دەبێت، باسێکی دیکەش رۆڵی ئێران لە سووریا دەبێت. یەکێتی ئەوروپاش بە سەرۆکایەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆچوونی خۆیان دەخەنە روو.

ئیبراهیم کالین، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە بارەی دیدارەکە رایگەیاندووە: "روونکردنەوەی ئەو هەنگاوانە کە دەبێت بنرێن بۆ چارەسەری سیاسی و دیاریکردنی نەخشە رێگایەک لە سووریا باسی دیدارەکە دەبێت".

هەروەها نووسینەوەی دەستووری سووریا و دروستکردنی کۆمسیۆنێک لەو بارەیەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە گرنگانە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

H.J