سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران داوای رێگریکردن لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق دەکات
"ئەرکەکە کەوتۆتە ئەستۆی نوێنەرانمان لە پەرلەمانی عێراق"
K24 – ههولێر:
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای رێگریکردن لە پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق دەکات.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ناردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراقی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "بەرپرسیارێتی رێگریی لە تێپەڕاندنی ماددەکانی ئەو پڕۆژە بوودجەیەی 2019 کە لەگەڵ بەرژەوەندییە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانن یەکناگرنەوە کەوتە ئەستۆی نوێنەرانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".
داواش دەکات ئەو پڕۆژە یاسایە نەکەوێتە بەر نەشتەری زۆرینە و کەمینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
دەقی پەیامەکەی ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران:
ئەمڕۆ بوودجەی گشتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2019 وەک (پڕۆژە قانون) لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا.
بەرپرسیارێتی رێگریی لە تێپەڕاندنی ماددەکانی ئەو پڕۆژە بوودجەیەی 2019 کە لەگەڵ بەرژەوەندییە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانن یەکناگرنەوە کەوتە ئەستۆی نوێنەرانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، و ئەمەش بەرپرسیارێتیەکی گران و زەحمەتە لە چاو قۆناغی ڕەشنووسی بوودجەکە لە وەزارەتی دارایی، ئەگەر بابەتەکە بکەوێتە بەر نەشتەری زۆرینە و کەمینە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، سەرەڕای ئەوەی بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەنجومەنی نوێنەران مافی ھەموارکردنی ژمارەی خشتەکانی تەرخانکراوەکانی خەرجییەکانی بوودجەی نیە وبژاردەکەیان تەنھا ناردنەوەی پڕۆژە قانونەکەیە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
H.J