حووسییەکان هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە ریاز و خورەیس
گوتەبێژی سەربازیی گرووپی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان)ی یەمەن رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشیان کردووەتە سەر کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە ریازی پایتەختی سعوودیە و ناوچەی خورەیس؛ هاوکات هەڕەشەی ئەوە دەکات کە لەسەر بنەمای پەرەسەندن لە بەرامبەر پەرەسەندندا، لێدان لە دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.
شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی هێزەکانی حوسی، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە، هێزەکانیان لە رێگەی چەندین مووشەکی بالیستی و درۆنەوە دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی جیاوازیان لە قوڵایی خاکی عەرەبستانی سعوودیە ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەنەدراوەکە، ئۆپەراسیۆنی یەکەم کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی لە ریازی پایتەخت کردووەتە ئامانج، و لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا دامەزراوەکانی هەمان کۆمپانیا لە ناوچەی نەوتیی خورەیس پێکراون. سەریع ئاماژەی ئەوەی دا، هێرشەکان بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە و ئاگری گەورە لەو شوێنانە کەوتووەتەوە.
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان باسی لەوە کرد، ئەم هێرشانە دوای ئەوە هاتوون فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە تەنیا لە ماوەی 12 کاتژمێری رابردوودا 50 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر سەنعا، جوف، تەعز، عەمران، حەجە و سەعدە ئەنجامداوە، بەمەش کۆی بۆردوومانەکان لە دەستپێکی گرژییە نوێیەکانەوە گەیشتووەتە هەزار و 460 هێرشی ئاسمانی.
سەریع هۆشداریی دایە ریاز، مووشەک و درۆنەکانیان توانیویانە بەربەستی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رۆژئاوایی ببڕن و گوتی: لە لێدانی بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی دەستدرێژی و گەمارۆی سەر وڵاتەکەمان کۆتایی دێت، و هاوکێشەی گەمارۆ لە بەرامبەر گەمارۆ و پەرەسەندن لە بەرامبەر پەرەسەندن دەچەسپێنین.
ئەم پەرەسەندنە توندەی حووسییەکان لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئامادەکارییەکانی سعوودیە و هاوپەیمانەکانی بۆ هێرشێکی بەرفراوانی زەمینی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی گەرووی بابولمەندەب و کەناراوەکانی دەریای سوور لە دژی حووسییەکان ئاشکرا کرابوو.