"پڕۆژه‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراق له‌ ساڵی پار زۆر خراپتره‌"

پەرلەمانتارێك: زوڵمێكی زۆر لە ھێزی پێشمەرگە كراوە

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێكی عێراق رایدەگەیەنێت، كە پڕۆژه‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراق له‌ ساڵی پار زۆر خراپتره‌ و ئەو پشكەی بۆ كورد دانراوە بە ھیچ پێوەرێك دانەنراوە.

دانا جه‌زا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند: "پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ له‌ پڕۆژه‌یاسای ساڵی پار زۆر خراپتره‌، ئه‌و پشكه‌ی بۆ كورد دیاریكراوه‌، به‌ هیچ پێوه‌رێك دانه‌نراوه‌ و تێیدا به‌غدا هه‌رێمی كوردستان وه‌كو پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق سه‌یر ده‌كات".

گوتیشی: "لە پڕۆژە بودجەی ئەمساڵی عێراق زوڵمێكی زۆر لە ھێزی پێشمەرگە كراوە، بڕە پارەیەك دیاركراوە كە شایەنی باسكردن نییە، جگە لەوە ھەڵەبجە وەك پارێزگا نەناسێنراوە".