كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە ھەولێر لەبارەی ڤیزای مانەوە روونكردنەوە دەدات

ئەمەریكا زانیاری لەبارەی پرۆگرامەكە بڵاودەكاتەوە

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێكدا كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە ھەولێر ھاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە كە ماوەیەكە بە ئیمێڵ ڤیزای ئەمەریكا بۆ ھەندێك ھاووڵاتی دەنێردرێت و پێیان دەگوترێت كە دەتوانن سەردانی ئەمەریكا بكەن و مافی مانەوەیان پێدەدرێت.

لە راگەیەندراوەكەی كونسوڵخانەی ئەمەریكا ھاتووە: "ژمارەیەکی زۆر خەڵك ئیمێڵیان پێدەگات و مژدە یاخود گەرەنتی وەرگرتنی ڤیزای هەمەجۆریان پێدەدرێت کە بە ڤیزای گرینکارد (مافی مانەوەی هەتاهەتایی لە ئەمریکا) ناسراوە. ئەو ساختەکارانەی لە پشت ناردنی ئەم ئیمێڵ و نامانەوەن خۆیان وەکو کەسانی سەر بە ‌حکوومەتی ئەمریکا دەناسێنن و ئامانجیان ئەوەیە پارە لەو کەسانە بکێشنەوە کە داواکاریان بۆ ڤیزای هەمەجۆر پێشکەشکردووە".

لەو راگەیەندراوەدا ھاتووە: "وەزارەتی دەرەوە بە هیچ شێوەیەك لە رێگەی ئیمێڵ، نامە یاخود پەیوەندی تەلەفۆنیەوە ئەو کەسانە ئاگادار ناکاتەوە کە ناویان بۆ ڤیزاکە دەردەچێت. دوای ئەوەی ئەنجامەکان بەردەست دەبن، کەسەکە خۆی لە وێبسایتی فەرمی پڕۆگرامەکە ناو و ژمارە تایبەتیەکەی داخڵ دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ناوی دەرچووە یاخود نا".

كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "لە ئێستادا ناونووسین بۆ پڕۆگرامەکە بەردەستە و تا 6ی مانگی 11 بەردەوام دەبێت".