پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك پۆستەكەی جێدەھێڵێت
قایمقامی ناوەندی كەركووك شوێنی دەگرێتەوە
K24 - ھەولێر
مانگی داهاتوو پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك به‌هۆی بوونی به ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق، ده‌بێت ده‌ست له پۆسته‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و به‌پێی یاساش ده‌بێت قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركووك له پشكی پارتی ببێته پارێزگاری كه‌ركووك، لایه‌ن و پێكهاته‌كانی ناو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكیش پێیان باشه له‌وباره‌یه‌وه رێككه‌وتنی سیاسی بكرێت.
راكان جبووری، پارێزگاری سه‌پێندراوی ئێستای كه‌ركووك كه‌وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبژێردراوه، ده‌بێت له مانگی داهاتوودا له په‌رله‌مانی عێراق سوێندی یاسایی بخوات و وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان ده‌ست به‌كاربێت، ئه‌م پرسه‌ش ئێستا له‌ناو لایه‌ن و پێكهاته‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بووه‌ته جێگای مشت‌ومڕ. به‌پێی یاساش قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك كه له پشكی پارتییه ده‌بێت وه‌ك پارێزگاری نوێی كه‌ركووك ده‌ستبه‌كاربێت. گه‌رچی ئه‌و تائێستا به فه‌رمی له‌وباره‌یه‌وه ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌گوته‌ی خۆی زۆربه‌ی پێكهاته و لایەنه‌كان پشتگیری گه‌ڕانه‌وه و ده‌ستبه‌كاربوونی ده‌كه‌ن.
كامیل ساڵه‌یی، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركووك بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەركاتێك پێویست بكات من لە كەركووك خزمەت بكەم ئامادەم خزمەتی شاری كەركووك بكەم، زۆركەس لەناو لایەنەكان پەیوەندییان پێوەكردووم، پێیان گوتم ئەگەر تۆ بێیتەوە ئامادەین پشتیوانیت بكەین".
به گوێره‌ی یاسا كارپێكراوه‌كانی عێراق له‌كاتی به‌تاڵبوونی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك به هۆكاری گه‌شت یاخود مۆڵه‌ت و ده‌ستله‌كارهه‌ڵگرتنی پارێزگار ئه‌وا ده‌بێت قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركووك له‌جێی ئه‌و ده‌ست به‌كاربێت، به‌ڵام سه‌رۆكی پارتی گه‌لی توركمان كه یه‌كێكن له پێكهاته‌كانی لیستی برایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، پێی وایه ده‌بێت ئه‌و بابه‌ت به رێككه‌وتنی سیاسی بكرێت به جۆرێك كه ره‌زامه‌ندی گشت لایه‌ن و پێكهاته‌كانی له‌سه‌ر بێت.
عیرفان كه‌ركووكی، سه‌رۆكی پارتی گه‌لی توركمان بە كوردستان24 گوت: "قایمقام بۆی ھەیە كاروبارەكانی پارێزگار بەڕێوەببات، تا ئەوكاتەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە دەكەن و پارێزگارێكی نوێ ھەڵبژێردرێت".
كه‌ركووك له‌دوا رووداوه‌كانی 16 پارێزگارێكی سه‌پێندراوی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقیه‌وه بۆ دانراوە، به‌ڵام لایه‌ن كوردستانییه‌كان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه و پارتی بۆ دیاریكردنی كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته داوای ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی شاره‌كه ده‌كات، هه‌رچی یه‌كێتیشه به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24 له هه‌وڵدایه به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت پۆستی پارێزگاری جارێكی دیكه كه‌ركووك وه‌ربگرێته‌وه. به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵه‌كان تائێستا له‌وباره‌یه‌وه بێ ئه‌نجام بوونە.