عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری به‌رگری ده‌ستنیشان ده‌كات
ئه‌حمه‌د جه‌ڕبا: دوو كه‌س بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته كاندیدن
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌حمه‌د جه‌ڕبا، په‌رله‌مانتاری میحوه‌ری نیشتمانی، ته‌ئكیدی كرده‌وه، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ده‌یه‌وێت ناوی فه‌یسه‌ڵ جه‌ڕبا بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق پێشنیاز بكات" هۆشداریش ده‌داته ده‌رهاوێشته‌كانی پێشكه‌شكردنه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و ناوانه‌ی پێشتر بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی هه‌شت وه‌زاره‌ته‌كه‌ی حكوومه‌ت خستبوونییه به‌رده‌می په‌رله‌مان".
ئه‌حمه‌د جه‌ڕبا له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا كه رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت بڵاویكردووه‌ته‌وه ده‌ڵێت: "دوو كه‌س هه‌ن بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، ئه‌وانیش هیشام ده‌راجی كاندیدی میحوه‌ری نیشتمانی و فه‌یسه‌ڵ جه‌ڕبا، كه سه‌رۆك وه‌زیران ده‌یه‌وێت وه‌ك كاندیدی هاوپه‌یمانی نیشتمانی، به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی و هێزه سوننییه‌كانی وه‌ك ساڵح موتڵه‌گ و سه‌لیم جبووری پێشكه‌شی بكات، به‌ڵام ئه‌وه ناكۆكییه‌كه هێشتا له‌ناو كوتله سوننییهكاندا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "وه‌ك ئه‌وه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردوودا رایگه‌یاند، عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌یه‌وێت هه‌مان ئه‌و ناوانه پێشكه‌ش بكاته‌وه كه ناكۆكی له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر بێت‌و هه‌مان ئه‌و ناوانه‌ش پێشكه‌ش بكاته‌وه، وه‌ك جاری یه‌كه‌م رووبه‌ڕووی ره‌تكردنه‌وه ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆخه‌ش به‌رده‌وام بیت و فشاری سه‌ر كوتله‌كان زیاد بكرێت، ئه‌وكاته عادل عه‌بدولمه‌هدی 4 ساڵی پڕ كێشه له كابینه‌كه‌یدا ده‌باته سه‌ر و رووبه‌ڕووی ته‌حه‌دیاتی زۆر ده‌بێته‌وه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی میحوه‌ری نیشتمانی ده‌ڵێت: "به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت كه ته‌واوی ئازادی به عادل عه‌بدولمه‌هدی دراوه، به‌ڵام وانییه و ئه‌و ئازاد نییه، تاكه چاره‌سه‌ریش له به‌رده‌میدا ئه‌وه‌یه به‌هێز بێت چونكه له‌لایه‌ن گه‌له‌وه پاڵپشتی ده‌كرێت و گه‌لیش حكومه‌تێكی به‌هێزی ده‌وێت كه توانای گۆڕانكاریی هه‌بێت".
هێشتا عادل عه‌بدولمه‌هدی نه‌یتوانیوه 8 پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانی حكوومه‌ته‌كه‌ی پڕبكاته‌وه‌و یه‌كێكیان وه‌زاره‌تی به‌رگرییه.