هه‌واڵگرى عێراق: داعش خۆى بۆ شه‌ڕى درێژمه‌ودا ئاماده ده‌كات
پێداويستى پزيشكى و خۆراكيان كۆكردووه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌يه‌كى هه‌واڵگرى عێراق له پارێزگاى سه‌لاحه‌دين رايگه‌ياند، داعش له سنوورى پارێزگاكه‌يان خۆى رێكخستووه‌ته‌وه و ئاماده‌كارى بۆ شه‌ڕى درێژمه‌ودا ده‌كات.
سه‌رچاوه‌كه بۆ سايته عێراقييه‌كان باسى له‌وه‌شكردووه، له رووى رێكخستن، كارگێڕى و لۆجستييه‌وه داعش ئاماده‌كارى بۆ قۆناغێكى نوێى شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منييه‌كانى عێراق كردووه.
روونيشيكردووه‌ته‌وه، له ده‌وروبه‌رى تكريت، مووسڵ به ئاراسته‌ى قه‌زاى شه‌ڕگات، له سنوورى خۆرئاواى عێراق به ئاراسته‌ى بيابانى خۆرئاوا و سنوورى پارێزگاى ئه‌نبار، هه‌روه‌ها له سنوورى به‌رزاييه‌كانى حه‌مرين، داعش حه‌شارگه‌ى مانه‌وه‌ى دابين كردووه و ئاماده‌كارى بۆ شه‌ڕى داهاتوو ده‌كات.
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، ئه‌و چه‌كدارانه‌ى داعش پێداويستى پزيشكى و خۆراكيان كۆكردووه‌ته‌وه و له رێى وزه‌ى خۆره‌وه كاره‌با بۆ كاره تايبه‌ته‌كانيان به‌رهه‌مده‌هێنن و بۆ په‌يوه‌نديش مۆبايلى جۆرى هاتيراى ئه‌مه‌ريكى به‌كار ده‌هێنن كه تا دوورى 60 كيلۆمه‌تر ده‌توانن په‌يوه‌ندى به‌يه‌كه‌وه بكه‌ن و فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وانيش بۆ چاودێرى و سيخوڕى به‌كار ده‌هێنن.