خۆپیشاندانی خەڵكی بەسرە دەست پێدەكاتەوە
خۆپیشاندانی بەرفراوان رێكدەخرێت
K24- ھەولێر
ژمارەیەك چالاكوانی شاری بەسرەی باشووری عێراق، لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رایانگەیاندووە، خۆیان بۆ خۆپیشاندانێكی فراوان لە رۆژی ھەینی داھاتوو ئامادەكردووە.
ئەو چالاكوانانە ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردووە، خۆپیشاندانەكان ئاشتیانە دەبن و ھەركەسێك ئاژاوە بنێتەوە خۆیان رادەستی ھێزە ئەمنییەكانی دەكەن، بەڵام نابێت ئەوانیش دەستدرێژی بكەنە سەر خۆپیشاندەران.
لە چەند مانگی رابردوودا، خۆپیشاندان لە بەسرە و چەند پارێزگایەكی دیكەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەكان ئەنجامدران. بەھۆی گرژیی لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكان ژمارەیەك ھاووڵاتی بەسرە كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون. دواتر حكوومەتی عێراق بەڵێنی بە خەڵكی بەسرەدا كە داواكانیان جێبەجێ بكات، بەڵام وەك خەڵكی بەسرە دەڵێن، ھێشتا بەڵێنەكان نەبوونەتە كردار.