هه‌ولێر.. 48 ملیۆنی په‌رله‌مانتاران هاووڵاتی و كاسبكارانى تووڕه‌كردووه‌

"وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌یه‌ كه‌ پێشتر به‌ خه‌ڵكیان داوه‌"

K24 - هه‌ولێر:

ھاووڵاتی و كاسبكارانی شاری ھەولێر تووڕە و نیگەرانن لە شێوازی خانەنشینی پەرلەمانتاران و دەڵێن ناکرێت پەرلەمانتاران ئەو 48 ملیۆن دینارە وەربگرن، چونکە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە کە پێشتر بە خەڵکیان دابوو.

ھاووڵاتییان دەڵێن جیاوازییەكی زۆر لە مووچەی خانەنشینان ھەیە و پێویست بوو پەرلەمان لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان كاری كردبایە نەك بەرژەوەندی كەسی.

لە بازار باس باسی ئەو 48 ملیۆن دینارەیە کە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان وەریدەگرن، پیاوێك چەندین ساڵە کاری گۆڕینەوەی دراو دەکات، دەڵێت ئەگەر ھەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و پێیان وابێت، لە چوار ساڵی رابردوو لە خەمی خەڵکی بوونە، دەبێت وەرگرتنی ئەو پارەیە رەت بکەنەوە.

ھیچ کەسێکی نادۆزیتەوە، وەرگرتنی ئەو بڕە پاریە بۆ پەرلەمانتارارن، بە حەق بزانێت، جەلال 43 ساڵە کاسبە، خوازیارە ھەر کەسە و بە گوێرەی ماندووبوونی خۆی، پاداشت بکرێت، نەک یەکێک لەسەر حسابی یەکێکی دیکە، گەورە بکرێت و خۆی دەوڵەمەند بکات.

لە نێو 111 پەرلەمانتاری خولی چوارەم، 97 پەرلەمانتار، بێجگە لەو 14 پەرلەمانتارانەی کە بۆ خوولێکی دیکە دەرچوونەتەوە، 48 ملیۆن دینار، بە سێ قۆناخ وەردەگرن، جگە لەوەی بە نزیکەی 6 ملیۆنی مانگانەش، خانەنشین دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا بەھۆی پاشەکەوتی مووچەکانیان، حکوومەت ٢٥٠ ملیۆن دینار، قەرزاری ھەر یەکێکیانە، ھەندێک فراکسیۆنیش دەڵێن، ئەگەر یاسای چاکسازی پەسەند کرابایە، نە پەرلەمانتاران ئەو برە پارەیەیان پێدەدرا، نە بەو شێوەیەش خانەنشین دەکران.

ئ. م

Fly Erbil Advertisment