رۆحانی: ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستیخوارد

ئیدارەی ئێستا "رەگەز پەرست، ئابڕووچوو و شکستخواردوون"

K24 – هه‌ولێر:

حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە وەڵامی سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر وڵاتەکەیدا چەند پەیامێکی تووندی ئاڕاستەی کۆشکی سپی کردو بە "رەگەز پەرست، ئابڕووچوو و شکستخواردوو" ناویبردن. 

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێران دەگەڕێنێتەوە، بەڵام رۆحانی دڵنیایی دەدات کە ئەمەریکا شکست دەهێنێت. 

لە پەیامەکەیدا حەسەن رۆحانی گووتی: "ئێمە دەبێت گەمارۆکان تێکبشکێنین و دەبێت بۆ ئەمەریکای بسەلمێنین کە بە زمانی هەڕەشە و گەمارۆ ناتوانن بەرامبەر بە گەلی گەورەی ئێران بوەستن".

رۆحانی هێرشیکردە سەر ئیدارەی ئێستای کۆشکی سپی و رایگەیاند: "ئەوانەی ئێستا لە کۆشکی سپین، دژی یاسا و پەیماننامە نێوەدەڵەتییەکانن، پێشتر کەسم نەدیووە لە کۆشکی سپی بەو رادەیە رەگەز پەرست بێت".

سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند: "هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا بەمنیان گوتووە دەیانەوێت ئەم خولەی کۆشکی سپی کورت بێت و ئێستا ئەمەریکا لە هەموو کات زیاتر گۆشەگیر بووە".

لەبارەی سزاکانی سەر وڵاتەکەی، رۆحانی ئاماژەی بۆ پەشیمانبوونەوەی ئەمەریکا لە قەدەخەکردنی تەواوی نەوتی ئێران دا و گووتی: " ئەمەریکا ناچار بوو، هەشت وڵات لە سزاکانی سەر ئێران ببەخشێت لە کاتێکدا پێشتر گوتبوی یەک بەرمیل نەوتی ئێران لەدوای سزاکان نافرۆشرێت، ئەمە سەرکەوتنی ئێمە نییە؟ ئەمە شکستی ئەمەریکا نییە؟". 

رۆحانی دەڵێت، ئەمەریکا لە سووریا، عێراق، یەمەن و ئەفغانستان شکستی خواردوە و لە پلانەکانی چەند جارێک پەشیمانبۆتەوە و "هەر رۆژەو قسەیەک دەکات".

سەرۆکی ئێران دەشڵێت: "ئەفریقا، ئاسیا، ئەوروپا و نەتەوەیە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێرانن و دژی ئەمەریکان".

لە کۆتایی قسەکانی رۆحانی دۆسییەی کوشتنی جەمال خاشوقچی بە ئابڕووچونی ئەمەریکا ناوبرد و گووتیشی رەنگە بۆ ماوەیەکی کەم سزاکان زیان بە ئێران بگەیەنن، بەڵام لە داهاتوودا ئەمەریکا خۆی زیانی پێدەگات.

H.J