پوخته‌ی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی ساڵی 2019ـی عێراق
له پڕۆژه‌ی بودجه نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت به 56 دۆلار خه‌مڵێندراوه
K24 – هه‌ولێر:
به‌ر له ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق، به سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، حكوومه‌تی عه‌بادی ره‌شنووسی پڕۆژه ياساى بودجه‌ی ساڵی 2019ی ئاماده‌كرد و له ره‌شنووسه‌كه‌دا بودجه‌ی گشتی عێراق به 128.4 ترلیۆن دینار خه‌مڵێندراوه.
له‌كۆی ئه‌و بودجه‌یه بڕی 95.8 ترلیۆن دینار بۆ خه‌رجييه‌كانى به‌گه‌ڕخستن (ته‌شغیلی) و 32.59 ترلیۆن بۆ كه‌رتی وه‌به‌رهێنان دیاریكراوه.
له بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان 26.77 ترلیۆن دینار له‌ڕێگه‌ی گه‌نجینه‌ی ناوخۆ و 5.81 ترلیۆن له‌ڕێگه‌ی قه‌رزی ده‌ره‌كی و بانكی بازرگانی عێراقییه‌وه دابین ده‌كرێت.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، كه رۆژانه 3 ملیۆن و 880 هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و له‌و بڕه 250 هه‌زار به‌رمیل له هه‌رێمی كوردستانه و هه‌روه‌ها نرخی نه‌وت، كه له پڕۆژه‌كه‌دا یه‌ك به‌رمیل به 56 دۆلار خه‌مڵێندراوه، 22.8 ترلیۆن كورتهێنان له بودجه‌ی ساڵی داهاتوودا هه‌یه.
عێراق له رێگه‌ی دوو سه‌رچاوه‌ی جیاوازه‌وه بودجه‌ی گشتی دابین ده‌كات، ئه‌وانیش: 93.74 ترلیۆن دینار له‌ڕێگه‌ی داهاته نه‌وتییه‌كان و 11.82 ترلیۆن دینار له رێگه داهاته نا نه‌وتییه‌كان دابین ده‌كرێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی پڕۆژه‌ی بودجه‌دا به له‌به‌رچاوگرتنی ژماره‌ی كۆی فه‌رمانبه‌رانی عێراق كه له 2 ملیۆن و 931 هه‌زار و 961 فه‌رمانبه‌ر پێكهاتووه، له ره‌شنووسی پڕۆژه‌ی بودجه‌دا بڕی 40 ترلیۆن دیناری بۆ ته‌رخان كراوه، له‌و گوژمه‌یه 4.6 ترلیۆن دینار بۆ خه‌رجى سێ سه‌رۆكايه‌تييه‌كه (سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران) ده‌ستنیشان كراوه.
دوای به‌رزكردنه‌وه‌ی باجی زه‌وی و زار له 10% بۆ 12%، قه‌باره‌ی قازانجی قه‌رزه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان به 17.6 ترلیۆن دینار خه‌مڵێندراوه.
1.5 ترلیۆن بۆ فۆرمی خۆراك، 1.1 ترلیۆن بۆ كڕینی دا‌و و ده‌رمان، 1.5 ترلیۆن بۆ پشتگیریكردنی كه‌رتی كشتوكاڵ به‌تایبه‌ت گه‌نم و برنج و 424 ملیار و 600 ملیۆن دینار بۆ كه‌رتی وزه دابین كراوه.
له ماوه‌كانی رابردوو، به‌ر له ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق، حكوومه‌تی پێشوو به سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی گشتی عێراقی ئاماده‌كرد و بۆ په‌سه‌ندكردنی ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرا، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌واوی پێكهاته‌كان سه‌رنج و تێبینی زۆریان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه هه‌یه، تائێستا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میش بۆ ئه‌و پرۆژه بودجه‌یه نه‌كراوه، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میشی بۆ بكرێت، هیچ بڕیارێك له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه نه‌درێت، تا ئه‌و كاته‌ی ليژنه ناوخۆییه‌كانی په‌رله‌مان پێكده‌هێنرێن و راپۆرتی خۆیان له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كه‌ن.
H.B