توركیا ئاگری كه‌یسه‌كه‌ی خاشوقچی گه‌رمتر ده‌كات
"تاوانبار هه‌ركه‌سێك بێت ده‌بێت باجه‌كه بدات"
K24- هه‌ولێر:
فوئاد ئۆكتای، جێگری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه سزا ده‌دات، كه تاوان له‌ناو خاكه‌كه‌ی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و، تاوانبارانی كوشتنی خاشوقچیش له‌و سزادانه به‌ده‌ر نابن.
له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵۆی توركی، ئۆكتای گوتی: "توركیا په‌یامێكی راگه‌یاندووه، كه هه‌ر كه‌سێك تاوانی هاوشێوه‌ی ئه‌و تاوانه ئه‌نجام بدات، كه جه‌مال خاشوقچی، رۆژنامه‌نووسی سعوودی تێیدا بوو به قوربانی، ئه‌وا باجه‌كه‌ی زۆر به قورسی ده‌داته‌وه".
ئۆكتای جه‌ختی كرده‌وه، "توركیا به‌وپه‌ڕی روونی و شه‌فافیه‌ته‌وه و له‌سه‌ر بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌یسی خاشوقچیدا ده‌كات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌نقه‌ره له چه‌ند په‌یامێكدا رایگه‌یاندووه، هیچ كه‌سێك به هیچ شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان مافی ئه‌وه‌ی نییه تاوان و كاری نابه‌جێ له‌ناو خاكی وڵاته‌كه‌یان ئه‌نجام بدات".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا، هێشتا پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای ته‌رمی خاشوقچی به‌رده‌وامه، كه له 2 مانگی رابردوو چووه‌ته ناو باره‌گای كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له ئیسته‌نبوڵ و نه‌هاتووه‌ته ده‌ره‌وه، دواتر ده‌سه‌ڵاتدارانی سعوودییه دانیان به‌وه‌دا ناوه كه ناوبراو له‌ناو كونسوڵخانه كوژراوه، به‌ڵام له‌باره‌ی چاره‌نووسی ته‌رمه‌كه‌یه‌وه تائێستا هیچ زانیاریێكی نه‌دركاندووه.
هه‌ر ئه‌مڕۆش جێگری ئه‌ردوغان جه‌ختی كردبووه‌وه، "پێویسته لێكۆڵینه‌وه بۆ ئه‌و ئه‌گه‌رانه بكه‌ین، كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، دوای كوژرانی خاشوقچی و پارچه‌پارچه‌كردنی جه‌سته‌كه‌ی، به مادده‌ی كیمیایی تاوێنراوهتهوه".
H.B