ئەوروپا بیر لە دروستکردنی سوپایەکی بەهێز دەکاتەوە
ئەوروپا لە ترەمپ و پوتن دەترسێت
K24 – ههولێر:
ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا داوای دروستکردنی سوپایەکی ئەوروپی دەکات تاکو ئەوروپا بتوانێت خۆی لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادمیر پوتن بپارێزێت.
ماکرۆن لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی یوروپ وەن لەبارەی دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپا رایگەیاند: "بەڕەچاوکردنی وڵاتانی وەک چین، رووسیا و تەنانەت ئەمەریکاش، دەبێت ئێمە خۆمان بپارێزین".
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: "کاتێک سەرۆک ترەمپ کۆتای بە پەیماننامەیەکی ساڵی 1980 دەهێنێ کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی کێشە مووشەکییەکانی ئەوروپا بوو، ئەوا قوربانییەکەی ئەوروپا و ئاسایشی ئەوروپا دەبێت".
دەشڵێت: "تاکو سوپایەکی راستەقینەی ئەوروپی نەبێت، ئێمە پارێزراو نابین".
دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، پەیوەندی ئەوروپا و ئەمەریکا وەک پێشوو نەماوە و روو لە خراپییە، رووسیاش نەیارێکی دێرینی ئەوروپایە جێگای مەترسییە بۆ ئەوروپا، لەکاتێکدا یەکێتی ئەوروپا دامەزراوەیەکی سیاسییە و هیچ سوپایەکی نییە، ئەمەش وایکردووە ئەوروپا لە رووی سەربازییەوە دوابکەوێت.
ئێستا ماکرۆن وەک سەرۆکی یەکێک لە وڵاتە کاریگەرەکانی ئەوروپا، داوا دەکات چیدی یەکێتی ئەوروپا چاوی لەدەستی ئەمەریکا نەبێت و خۆی خاوەن سوپایەکی بەهێزبێت.
H.J