زياتر له 197 ملیار دینار بۆ حه‌شدی شه‌عبی ته‌رخانكرا
كورتهێنان له بودجه‌ی ساڵی داهاتوو ته‌رخان ده‌كرێت
K24- هه‌ولێر:
ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاند، ده‌نگ له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی زیاتر له 197 ملیار دینار له بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ مووچه‌ی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی درا.
له لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی عێراقی ئه‌سه‌دی گوتی: "ده‌نگ به خه‌رجكردنی 197 ملیار و 850 ملۆن دینار بۆ حه‌شدی شه‌عبی درا" و ئاماژه‌ی به‌وه دا، ئه‌و بڕه پاره‌یه تایبه‌ته به مووچه‌ی 122 هه‌زار چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی و ئاشكراشیكرد، كورتهێنانه‌كه‌ی له بودجه‌ی گشتی ساڵی داهاتوو ته‌رخان ده‌كرێت.
رۆژی سێشه‌ممه، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ر هاوتاكردنی مووچه‌ی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كانی دیكه‌ی عێراقی رازیبوو.
ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له ساڵی 2014 به بڕیارێكی مه‌رجه‌عی شیعه دامه‌زراوه و بڕیاربوو دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش ئه‌و ده‌سته‌یه هه‌ڵوه‌شێته‌وه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، به‌درێژایی خوله‌كانی رابردووش، تائێستا به‌غدا ئاماده نه‌بووه پشكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه له ده‌ستووری عێراقی ره‌وایه‌تی پێدراوه، خه‌رج بكات و تائێستاش به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه.
H.B