هۆكاری پڕنه‌كردنه‌وه‌ی پۆسته به‌تاڵه‌كانی حكوومه‌تی نوێی عێراق ئاشكرا ده‌كرێت
"پێچه‌وانه‌ی رێنوێنییه‌كانی مه‌رجه‌عییه‌تی باڵای شیعه‌كانه"
K24 - هه‌ولێر:
كوتله‌ی سادیقوون، باسكی سیاسی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق، به سه‌رۆكایه‌تی قه‌یس خه‌زعه‌لی، هۆكاری ته‌واونه‌بوونی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و متمانه نه‌دان به‌و 8 وه‌زیره‌ی هێشتا پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانیان به به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه، ئاشكرا ده‌كات.
عوده‌ی عه‌واد، په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی سادیقوون ده‌ڵێت: "ئه‌و فشاره سیاسییانه‌ی خراونه‌ته سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوونه‌ته هۆكاری دواكه‌وتنی ته‌واو نه‌كردنی كابینه‌كه‌ی، چونكه سه‌رۆك وه‌زیران له كاندیده‌كانی وه‌زاره‌ته‌كانی هه‌ندێك له كوتله سیاسییه‌كان قایل نین و له به‌رامبه‌ریشدا چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی له پێناو پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان به‌رده‌وامن له فشار درووستكردن".
عه‌واد ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی هه‌ندێك هێزی سیاسی ده‌یكه‌ن، پێچه‌وانه‌ی رێنوێنییه‌كانی مه‌رجه‌عییه‌تی باڵای شیعه‌كانه كه ته‌واوی ئازادی داوه‌ته عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ دیاریكردنی وه‌زیره‌كانی تا له‌به‌رده‌م گه‌ل و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌رپرس بن".
ئه‌وه له كاتێكدایه عادل عه‌بدولمه‌هدی رۆژی 6/11/2018 به‌ڵێنیدا له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا پۆسته به‌تاڵه‌كانی كابینه‌كه‌ی پڕبكاته‌وه و به رێكاری ده‌ستووریی خۆیدا تێپه‌ڕێت.