70 سەرۆک لە پاریس چاویان بەیەک دەکەوێت
جیهان یادی کۆتایهێنان بە جەنگی جیهانی یەکەم دەکاتەوە
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ یەکشەممە چەندین سەرکردەی کاریگەری جیهانی لە شاری پاریس بۆ بەشداریکردن لە یادکردنەوەی کۆتایهێنان بە جەنگی جیهانی یەکەم چاویان بەیەک دەکەوێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئەی ئێف پی فەرەنسی، سەرۆکانی 70 وڵات کە لە ناویان دۆناڵد ترەمپ، ڤلادمیر پوتن، ئەنگێلا مێرکڵ و ماکرۆن هەیە بەشداری مەراسیمەکە دەبن.
بۆ هەندێک لە سەرۆکان و بڕیار بەدەستان، ئەم مەراسیمە دەرفەتێکە بۆ کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە.
لەبارەی جەنگی جیهانی یەکەم:
جەنگی جیهانی یەکەم یاخود جەنگە گەورەکە لە 28ی تەمموزی ساڵی 1914 لە ئەوروپا دەستیپێکرد و لە 11ی تشرینی دووەمی ساڵی 1918 کۆتای هات.
لەو جەنگەدا 70 ملیۆن سەرباز کە 60 ملیۆنیان ئەوروپی بوون دژ بە یەک چوونە بەرەکانی جەنگ.
بەهۆی جەنگەوە 37 ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی و سەرباز گیانیان لەدەستدا، هەر بەهۆی جەنگەوە ئەنفلەوەنزایەک بڵاو بووەوە کە بە "ئەنفلوەنزای ئیسپانی" ناسرابوو، زیاد لە 50 ملیۆن کەسی کوشت.
H.J