پێكھاتەی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق تەواو دەكرێت
رێككەوتنی لایەنەكان لەسەر دانانی وەزیرەكان روون نییە
K24 - ھەولێر
بۆ پڕكردنەوەی پۆستی ئەو 8 وەزارەتەی كابینەكەی عادل عەبدولمەھدی، بڕیارە ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی نوێنەران كۆببێتەوە و پرۆسەی دەنگدان لە سەر ناوی وەزیرەكان بكرێت، تاكو ئێستاش رێکكەوتنی لایەنە سیاسیيەکان لەسەر ناوی كاندیدەكان روون نییە و شیعەکان لە سەر پۆستی وەزیری ناوخۆ و سووننەکانیش لە سەر پۆستی وەزیرى بەرگری یەكلانەبوونەتەوە.
ھەرچەندە تاكو ئێستا لایەنە سیاسیيەکانی عێراق لەسەر ناوی كاندیدەكان بۆ ئەو 8 وەزارەتەی كابینەكەی عادل عەبدولمەھدی رێكنەكەوتوون، بەڵام كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەك دوا دەرفەتە بۆ دەنگدان لەسەر ناوی كاندیدان.
شیعەکان لە سەر پۆستی وەزیری ناوخۆ و دانانی فالح فەیاز، بۆ ئەو پۆستە ناكۆكییان لەنێواندا ھەیە، ھاوپەیمانی بونیادنانەوە بە سەرۆكایەتی ھادی عامری، سوورە لەسەر كاندیدەكەیان، لەبەرامبەریشدا ھاوپەیمانی چاكسازی و بنیاتنانەوە كە موقتەدا سەدر پێشڕەوی دەكات، كاندیدكردنی فەیاز رەتدەكەنەوە.
سووننەکانیش كە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوونە، لە سەر پۆستی وەزیرى بەرگری یەكلانەبوونەتەوە و چەند ناوێك بۆ ئەو پۆستە كاندیدكراون.
ئەمەش لەكاتێكدایە لە كۆبوونەوەی ھەر سێ سهرۆكایهتییهكهی عێراق داوای پهلهكردن له تهواوكردنی پێكهێنانی حكوومهت و دهنگدانیان لهلایهن پهرلهمانهوه كرد.
لهدوا دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ژمارهی لیژنه ھەمیشەییەكانی پەرلەمان له 27ـهوه بۆ 22 لیژنه كهمكرانهوه و دواتر دەنگیان لەسەردرا و پەسندكران.
ھ.م